کوردپرێس:
دەزگای ئاسایشی نەرویژ PST ڕۆژی سێشەممە 16ی تەمووزی 2019 لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی" دەزگای PST بە یارمەتیی پـۆلیسی ناوچەی ئۆسلۆ، شەوی دووشەممە مەلا کرێکاریان دەستگیر کرد لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەیێکی نێودەوڵەتی وە بڕیاری دەستگیرکردنەکە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیتالیاوە دراوە."
ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەتد پـرێس دەڵێت دەسـتگیرکردنەکە پاش چەند کاتژمێرێک بوو لەوەی دادگایێکی ئیتالیا بڕیاری سزای 12 ساڵ زیندانی بۆ مەلا کرێکار دەرکرد بە تۆمەتی هەوڵی ڕووخاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراندنی خەلافەتێکی ئیسلامی.
داواکاری گشتیی ئیتالیا دەڵێت مەلا کرێکار لە پشت تۆڕی ڕەوتی شاخە کە تۆڕێکە لە ئەورووپا و ئامانجی ڕووخاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لە ڕێگەی توندوتیژیـیەوە.
مارکۆ فێرنیلۆ پارێزەرە ئیتالیـیەکەی مەلا کرێکار دەڵێت مەلا کرێکار ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە و بە نیازە تانە لە بڕیارەکەی دادگا بگرێت. گوتیشی جگە لە مەلا کرێکار 5 کەسی دیکەش لەم کەیسەدا تۆمەتبارن.
هاوکات ماڵپەڕی دووربینی نزیك لە مەلا كرێكار بڵاوی کردەوە، دوێنێ دوو شەممە مەلا كرێكار بۆ جارێكی دیكە بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەرچووەوە.
ماڵپەڕەكە ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، دادگای شاری بۆڵزانۆی ئیتالیا بە بیانووی ئەوەی مەلا كرێكار و هاوڕێكانی گروپێكی تیرۆریستییان لە ئەورووپا دروست كردووە و ویستوویانە كەسایەتییە دیبلۆماتكارەكان بڕفێنن، هەروەها خەڵكیان ناردووە بۆ مەشقی سەربازی لە سووریا و پەیوەندییان بە ڕێكخستنەكانی قاعیدەوە هەیە و دەخوازن حكوومەتی هەرێم لابدەن و حكوومەتێكی ئیسلامی دروست بكەن، دادگایی كردون.
Your Comment