کوردپرێس:
ماڵپه‌ڕی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری عێراق له ڕاگه‌یێندراوێکدا بڵاوی کرده‌وه که ئێواره‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه 15ی ته‌مووزی 2019 له‌سه‌ر بانگھێشتی به‌رھه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆمار له کۆشکی سه‌لام له به‌غدا به‌ئاماده‌بوونی ھه‌ریه‌ک له عادل عه‌بدولمه‌ھدی سه‌رۆکوه‌زیران و محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران کۆبوونه‌وه‌ی چواره‌می سه‌رکرده سیاسییه‌کانی عێراق به‌رێوه چوو.
له کۆبوونه‌وه‌که‌دا تاوتوێی دۆخی سیاسی و ئه‌منی و ئابووری وڵات کرا، ھاوکات جه‌خت له پێویستی دابین کردنی خزمه‌تگوزارییه‌کان و پشتیوانی جێبه‌جێکردنی کارنامه‌که‌ی حکوومه‌ت و به‌رنگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له جومگه‌کانی ده‌سه‌ڵات و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی شاره ڕزگارکراوه‌کان و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌کان بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان کرایه‌وه و ھه‌روه‌ھا باس له به‌ھێزکردنی په‌یوه‌ندییه ده‌ره‌کییه‌کانی عێراق کرا.
ئاماده‌بووانی کۆبوونه‌وه‌که ڕێزیان گرت له قوربانییه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی و پشتگیری جێبه‌جێکردنی فه‌رمانی دیوانی ژماره (237)یان کرده‌وه که جه‌خت له ھێشتنه‌وه‌ی چه‌ک ته‌نھا به ده‌ستی ده‌وڵه‌ت ده‌کاته‌وه به‌پێی ده‌ستوور که له‌گه‌ڵ به‌ڵگه‌نامه‌ی (چوارچێوه‌ی نیشتمانیی سیاسه‌تی یه‌کگرتووی عێراق) ده‌گونجێت و له کۆبوونه‌وه‌ی سه‌رکرده سیاسییه‌کاندا بڕیاری له‌باره‌وه درابوو.
ھه‌روه‌ھا به‌شداربووانی کۆبوونه‌وه‌که جه‌ختیان له پێویستی چاره‌سه‌رکردنی پرسه ھه‌ڵپه‌سێردراوه‌کانی نێوان ھه‌ر دوو حکومه‌تی فیدراڵ و حکوومه‌تی ھه‌رێمی کوردستان کرده‌وه له سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور، ھاوکات ئاماده‌بووان پیرۆزبایی پێک‌ھێنانی حکومه‌تی ھه‌رێمی کوردستانیان کرد و له ھه‌مان کاتدا داوای به‌ھێزکردنی په‌یوه‌ندییه‌کان و کاراکردنی ھاریکاریی نێوان ھه‌ردوولایان کرد له گشت بواره‌کاندا.
ھه‌ر له کۆبوونه‌وه‌که‌دا ته‌ئکید کرایه‌وه له سه‌ر ده‌ستوور و یاسا کار پێکراوه‌کان له‌و چوارچێوه‌یه‌دا که ھێزه سیاسییه جیاوازه‌کان کاری پێی ده‌که‌ن به بێ ڕه‌چاوکردنی پشتگیری یان دژایه‌تی کردنی ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی که ئێستا په‌یره‌و ده‌کرێن، ھاوکات جه‌ختیشیان کرده‌وه له‌سه‌ر پته‌وکردنی یه‌کڕیزی نیشتمانی و سوود وه‌رگرتنی گه‌لی عێراق له سامانی نیشتمانی به گوێره‌ی به‌ھای دادپه‌روه‌ری و یه‌کسانی نیشتمانی و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی پشک پشکێنه‌ی حزبی له دامه‌زراوه‌کانی ده‌وڵه‌تدا.
ھه‌ر له میانی کۆبوونه‌وه‌که‌دا باس له دۆخی ناوچه‌که و جیھان کرا و ئاماده‌بووان ھاوڕا بوون له‌گه‌ڵ پاراستنی سه‌روه‌ریی عێراق و سه‌قامگیری و خوشگوزه‌رانی، ھه‌روه‌ھا ڕۆڵی ھاوسه‌نگ و گرنگی عێراق له په‌یوه‌ندییه ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیدا که پێویستییێکی نیشتمانییه و ھاوکات جه‌خت کرایه‌وه له ڕه‌تکردنه‌وه‌ی به‌کارھێنانی عێراق وه‌ک پێگه‌یێک بۆ ده‌ستدرێژیکردنه سه‌ر وڵاتانی ناوچه‌که و دا‌واشیان کرد که ھه‌مووان ڕێز له سه‌روه‌ریی عێراق بگرن و ده‌ستوه‌ر نه‌ده‌ن له کاروباری ناوخۆی وڵاتان.
له کۆتاییی کۆبوونه‌وه‌که‌دا ئاماده‌بووان داوایان له دۆستان و کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی کرد که پشتیوانی له ده‌وڵه‌تی عێراق بکه‌ن بۆ ھه‌وڵی نه‌گۆڕی به مه‌به‌ستی ھێنانه کایه‌ی سه‌قامگیری و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندڕه‌وی و کارکردنی بۆ پرۆسه‌ی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ناوچه ڕزگارکراوه‌کان و به‌شداری كارای له به‌دیهێنانی ئاسایش و ئاشتیی نێوده‌وڵه‌تیدا.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment