١٥ تەمووز ٢٠١٩ - ١٦:٥٦
 حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان

بەشی جیهان- چەندین مانگ پاش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێنرا و ئێستا پێویستە زووبەزوو پێوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا بخرێتەوە سەر هێڵی دروستی خۆی و هێزی پێشمەرگەش وەک هێزێکی یەکگرتوو یەک بخرێت.

کوردپرێس:

ڕۆژی 10ی تەمووزی 2019 پەرلەمانی کوردستان متمانەی بە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەخشی کە کوڕە گەورەکەی مەسعوود بارزانی واتا مەسروور بارزانی سەرۆکایەتیی دەکات. مەسروور بارزانی لەم خۆلەی حکوومەتدا جێگەی ئامۆزاکەی خۆی گرتەوە کە مانگی ڕابردوو وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرا. لەم کابینەیەدا کە لە 23 وەزیر پێکهاتووە 2 کورسیی وەزاری بە مەسیحی و تورکمان دراوە و 3 ژنی وەزیر لە کابینەکەدا هەن کە لە مێژووی حکوومەتی هەرێمدا زیاترین ژمارەی ژنانە کە لە وەزارەتەکاندا بەشدارییان پێکراوە.

دەموچاوە نوێیەکان هەمیشە موناقەشەیان لەگەڵ خۆیان هێناوە

پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەی نۆیەم 9 مانگی خایاند. هۆکاری ئەو دواکەوتنەش ململانێی نێوخۆی حیزبە کوردستانییەکان بوو. پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆی 111 کورسیی پەرلەمان توانیی ببێتە خاوەنی 45 کورسی بەڵام نەیتوانی بە بێ یەکێتی حکوومەت پێکبهێنێت کە 21 کورسیی پەرلەمانی مسۆگەر کردبوو. ئەو دوو قەبارە سیاسییەی کوردستان ساڵانێکە ململانێ و ڕکابەرییان لە کوردستان بەردەوامە. بزووتنەوەی گۆڕان کە پێشتر وەک گەورەترین حیزبی ئوپۆزسیۆنی هەرێمی کوردستان خۆی دەبینییەوە توانیی ببێتە خاوەنی 12 کورسی و خۆی لە پلەی سێهەمی حیزبە کوردستانییەکاندا ببینێتەوە.

لە باری جوگرافییەوە پارێزگای سلێمانی مەڵبەندی ڕکابەریکردنی دوو حیزبی یەکێتی و گۆڕانە ئەوەش لە کاتێکدا پارتی لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆکدا حوکم دەکات. هەر سێ حیزب چ لە کاتی بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم و چ پێش ڕیفراندۆم و چ پاش ئەو جووڵە سیاسییەی کوردستانیش لای خۆیانەوە حیزبی بەرانبەریان بە تاوانبار دەزانی لەو لێکەوتە خراپانەی بەبۆنەی ڕۆفراندۆمەوە لە باری ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە داوێنی هەرێمی کوردستانی گرت. ئێستا وا دەردەکەوێت پێکهاتنی کابینەی نوێی حکوومەت زەمینە بۆ پێکەوەسازانی ئەو حیزبانە دەڕەخسێنێت.

یەکێتی و گۆڕان لەو کاتەوە جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا کۆچی دوایییان کردووە بەردەوام لە ملمانێی نێوخۆییدا بوون. پارتی دیموکراتی کوردستان بە ساییی سەر مەسعوود بارزانییەوە یەکڕیزیی زیاتری تێدا دەبینرێت. مەسعوود بارزانی نێچیرڤانی برازای و مەسرووری کوڕی ئامادە کرد و بەو شێوەیە جیلێکی نوێی سەرکردایەتیی کوردستانی هێنایە مەیدان و زەمینەی بۆ حکومڕانیی ئەو بەرە نوێیە فەراهەم کرد.

مەسروور بارزانی تا ئەم ساتە یەکەمایەتییەکانی بە باشی ناسیوە و بڕیاری داوە سەرەتا دەست بکات بە خۆشکردن پێوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ئەوەش لە باری دارایی و ناوچەی ژێردەسەڵاتەوە. هەروەهاش بەڵێنی داوە ڕووبەڕووی گەندڵی ببێتەوە و فرە داهاتی و فرە سەرچاوەیی پەیڕەو بکات. بەڵام بە گشتی مەسروور بارزانی بەرەوڕووی دوو کێشەی سەرەکی دەبێتەوە:

یەکەم کێشە کە مەسروور بارزانی لە کابینەی نوێدا بەرەوڕووی دەبێت حیزبی بوونی وەزیرەکانە. لەم کابینەیەدا کەسایەتیی تێکنۆکرات دەستنیشان نەکراوە بەڵکوو بژاردەکانی ئەم کابینەیەش بژاردەی سیاسین و ئەوەش ئاستەنگ بۆ بەرنامەکانی سەرۆکی حکوومەت دروست دەکات.

کێشەی دووهەمی کابینەی نۆیەم مەسروور بارزانی تا ئێستا لە کابینەی حکوومەتدا کاری نەکردووە هەموو ئەو پۆستانەی گێڕاویەتی پۆستی ئەمنی بوون. پێش ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سکرتێری دەزگای ئاسایش و هەواڵگریی هەرێمی کوردستان بووە. بە سەر باری ئەمنیی کوردستاندا زاڵە و توانا ئەمنی و سەربازییەکانی خۆیی پیشان داوە. لەو پۆستەدا کەسایەتیی جێی متمانە بە دەوروبەرییەوە بوون و تەنها وەڵامی باوکی خۆی واتا مەسعوود بارزانیی دەدایەوە. ئەزموونی سەرۆکایەتی کردنی حکوومەتێک کە چەند حیزبی تێدایە ئەزموونێکی نوێیە بۆ مەسروور بارزانی. ئەگەریش هەیە نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی ئەرکەکەی بۆ ئاسانتر بکەن.

بەگشتی مەسروور بارزانی لە تویتێکی خۆیدا کە ڕۆژی 10ی تەمووز بڵاوی کردەوە تەرکیزی کردبووە سەر گۆڕانکاری کردن و نووسیبووی دەوڵەتەکە ئەو "هەرێمی کوردستان دەباتە سەردەمی نوێ". ئەوەش دەتوانێت پیشاندەری سەرەتای ڕکابەریی نێوان دوو ئامۆزا بێت. بەڵام کەسی ئامادەنەبووی کابینەکە ئاشتی هەورامییە کە کەسایەتییێکی جێی متمانە و بەدەسەڵاتی نێزیک لە نێچیرڤان بارزانییە کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستانی بەدەستەوەیە. جگە لەوەش ماڵپەڕی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان تازە کراوەتەوە و لینکی ماڵپەڕی حکوومەتی پێشوو لە بەردەستدا نەماوە. دەوری بنەماڵەی بارزانی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆتە خاڵی ناکۆکی لە میدیاکانی هەرێمی کوردستان و هەروەهاش تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

پێوەندیی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا

واشەنتن لە چوارچێوەی عێراقی یەکپارچەدا پشتگیریی هەرێمی کوردستان دەکات بەڵام بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ ئەو پشتگیرییە بکرێت پێویستە چەند کارێک ئەنجام بدرێت:

پێوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا باشتر ببێت. بۆ دەستخستنی ئەو مەبەستەش کە خودی مەسروور بارزانی هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە ئاماژەی پێدابوو پێویستە پێوەندیی هەرێم و دەوڵەتی ناوەند لە سەر بنەمای دەستوور بونیات بنرێت و واز لە تەوقەکردنی کاتی بهێنرێت. ساڵانێکی زۆر هەولێر و بەغدا لە سەر مەسەلەی نەوت و مووچە و خاک ململانێ و گرفتی قووڵیان بووە. هەر ئەوەش وای کردووە عێراق و ئەمریکا نەتوانن بەباشی کار بۆ خۆشبژێویی هاووڵاتییانی عێراقی بکەن. ساڵی 2019 لە قۆناغێکی کاتیدا پێوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا وەک مانگ هەنگوێنی لێهاتبوو بەڵام ئێستاش مەترسیی سەرهەڵدانەوەی کێشەکان هەیە. بۆیە ئەمریکا لە چوارچێوەی دەستوور و بەگوێرەی بەرژەوەندیی هەردوو لا پشتگیریی پێوەندیی دۆستانەی مەسروور بارزانی لەگەڵ بەغدا دەکات.

یەکخستنی پێشمەرگە و پێکهێنانی هێزێکی یەکگرتوو

یەکسختنی پێشمەرگە و پێکهێنانی یەک هێزی پێشمەرگە ئەگەر بە دامەزراوەیێکی یاسایی ئیدارە بکرێت جگە لەوەی کوردستان لە داعش و مەترسیی تیرۆر دەپارێزێت دەبێتە هۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان لەباری پێگەی سیاسیشەوە چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوەی ببێتە خاوەنی هێز و پێگەیێکی زیاتر. بۆ نموونە دەبێت ئاماژە بە ئەو میلیشیا سەربازییانە لە دیکەی ناوچە عێراقییەکان بکەین کە تەنها قسە لە حیزبەکان وەردەگرن و مەشرووعییەتی هەرێمی کوردستان دەکێشنە ژێر پرسیار. لە بەر ڕۆشناییی ئەم بابەتانەی باس کران مەسروور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەرفەتی ئەوەی بەدەستەوەیە کە هەموان دڵنیا بکات کە پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان تەنها فەرمان لە حکوومەتی هەرێم وەردەگرێت نە لە پارتی و یەکێتی. پاش ڕیفراندۆم کە هێزە ئەمنییەکانی پاراستنی کوردستان ناکۆکی کەوتە بەینیان بەردەوام یەک لە داواکارییە سەرەکییەکانی ڕای گشتی ئەوە بووە کە هێزی پێشمەرگە یەک بخرێت. ئێستاش کۆمەڵگەی دەولی داوای هەڤپێچانی میلیشیاکان دەکات و مەسروور بارزانی دەرفەتێکی باشی دەست کەوتووە چوونکە بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە پشتگیریی دەولیی لەگەڵە.

سەرچاوە: پەیمانگای واشنتن

نووسەر: بیلال وەهاب

وەرگێڕان: بەشی کوردیی ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس

News Code 65012

Your Comment

You are replying to: .
captcha