دوو خوێندنەوەی جیاواز بۆ کۆنگرەی ناودارانی کورد

بەشی یادداشت/ کوردی- لە نێو چینی ڕۆشنبیری کۆمەڵگادا خوێندنەوەی گوتارناسانە و کۆمەڵناسانە و ڕەخنەگرانەی ورد و دروشت و ڕەوا و ناڕەوای زۆر بۆ کۆنگرەی ناودارانی کورد کرا. مەبەست و ئامانج هەرچی بووبێت لێکەوتەیێکی خراپی ئەو کۆنگرەیە دروست بوونی چەندبەرەکەیی لە نێو چینی ڕۆشنبیری کۆمەڵگا بوو.

کوردپرێس:

کۆنگرەی ناودارانی کورد ڕۆژانی سێشەمە و چوارشەمە 11 و 12ی پووشپەڕ بەرانبەر بە 2 و 3ی تەمووزی 2019 بە بەشداریی ژمارەیێکی فراوان لە مامۆستایانی زانکۆ و هەڵسووڕاوانی مەدەنی و لایەنگرانی فەرهەنگ و کولتووری کوردی لە سەر ئەرکی ئیدارەی پارێزگای کوردستان و دایرەی ڕۆشنبیریی ئەو پارێزگایە لە زانکۆی کوردستان بەڕێوە چوو.

بەڕێوەچوونی ئەو کۆنگرەیە کاردانەوەی فراوانی لە چینە ڕەنگاوڕەنگەکانی کۆمەڵگا بەدوای خۆیدا هێنا. زۆر کەسایەتیی دیار و نادیار بە تەشک و بۆچوونی جیاوازەوە خوێندنەوەی شەخسی و گشتییان بۆ کۆنگرەکە کرد. هەندێکیان لە چاویلکەی فۆکۆ و دریداوە ڕوانییانە کۆنگرە، ژمارەیێکی دیکە خوێندنەوەی کۆمەڵناسانەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کردەوە و کەسانێکیش سەرلەبەری کۆنگرەکەیان بە جووڵەیێکی سیاسی زانی و مەبەستی شاراوەیان بۆ دۆزییەوە. دروست بوونی دووبەرەکەیی و چەندبەرەکەیی لە نێوان چینی ڕۆشنبیری کۆمەڵگەی کوردی تەنیا یەک لە پاشهاتەکانی ئەو کۆنگرەیە بوو.

ئەگەرچی بیستنی ڕای جیاواز بۆ دەوڵەمەندبوونی پاشخانی مەعریفیی تاکەکانی کۆمەڵگا سوودی خۆی دەبێت بەڵام لێکترازان و دوورکەوتنەوەی ئەکتەرە شوێندانەرەکان لە یەکتر ڕەهەندی نەرێنیی ئەو لێکەوتەیە دەبێت.

ئەوەی کە شێوەی بەڕێوەبردنی کۆنگرەکە لەباری جێبەجێکاری و سیاسەتی هەڵبژاردنی 30 کەس وەک ناوداری کورد تا چ ڕادەیێک سەرکەوتوو بووبێت و ئامانجەکانی خۆی پێکابێت یان خەیر، باسێکە لێرەدا مەجالی نیە و دەستەی نووسەرانی بەشی کوردیی کوردپرێس پێشتر لەم لینکەدا لایەنی ئیجابی و لایەنی نەرێنیی کۆنگرەکەی لەباری جێبەجێکارییەوە باس کردووە:

http://www.kurdpress.com/ku/details.aspx?id=56877

بۆیە لێرەدا بە پلەیێکی سەرتر باس لەو ئەگەر و گریمانەیە دەکەین کە بووە بە هاندەر بۆ داڕشتن و بەڕێوەبردنی کۆنگرەیێکی لەو چەشنە و بەنیازین پۆلێنبەندییێک بکەین لە نێوان دوو ڕوانینی جیاواز بۆ ئەوەی بزانین لە کۆمەڵگەی ڕۆشنبیریدا ئەو دوو خوێندنەوە جیاجیایەی لەبارەی کۆنگرەی ناودارانی کوردەوە کراوە کامەن.

یەک لە بۆچوونەکان کە لە خانەی تانەلێدان یان با بڵێین ڕەخنەدا خۆی دەبینێتەوە ئەوەیە کە زەروورەتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەکە لەم قۆناغەدا تا چ ڕادەیێک هەستی پێدەکرا؟ نەخوازەڵا ئەگەر باری سەختی ئابووری بهێنینە بەرچاو و هەڵسەنگاندن و بەراوردێک بکەین لە نێوان بەڕێوەچوونی کۆنگرەکە لەگەڵ دامەزراندنی پڕۆژەیێکی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ کۆمەڵێک گەنج و دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان. دیارە کورد و هەڵکەوتووانی کورد نەک هەر لە کوردستانی ئێران بەڵکوو لە تورکیاش و سووریاش و تەنانەت لە هەرێمی کوردستانیش کە خاوەنی دەسەڵاتی کوردییە بەشێوەی پێویست نەبووەتە خاوەنی پێگە و ناوی خۆی و کەس حاشا لە زەروورەتی ڕێزگرتن لە کەسایەتییە ناودار و خاوەن پلەکانی کورد ناکات بەڵام لێرەدا باس باسی بژاردەکان و ئەولەویاتی کارەکانە. کۆنگرەیێک لەو ئاستەدا چەند پارەی بۆ سەرف کراوە؟ چەندەی ئاشکرا بووە و چەندەی دیار نیە؟ ئەگەر ئەنجام و بەرهەمی دوو بابەتەکە هەڵسەنگێنین بە ئاشکرا دەزانین کە لە پارێزگای بێبەشی کوردستاندا پڕۆژە و خزمەتگوزارییەکان لەباری پیشەیی و ئاوەدانکاری و فەراهەمکردنی هەلی کارەوە ئەوەندە کەمن کە بۆ ژماردنیان پێویستت بە قامکەکانی هەردوو دەست نیە. بەشێکی زۆری ئەو پڕۆژە سەرەتاییانەش کە دەست پێکراون بە نیوەچڵی هەڵپەسێردراون و لە هەموو خولێکی هەڵبژاردندا وادە و بەڵێن و دروشمێکیان لەبارەوە دەدرێت و پاش ماوەیێک بەرەڵا دەکرێنەوە. نموونەی بچووکیشی جادەی مەریوان سنەیە کە ساڵانە بە دەیان و سەدان ڕووداوی ناخۆشی هاتوچۆی تێدا دەقۆمێت و جگە لە خەسارە گیانییەکان و قوربانی بوونی هاووڵاتییان، خەساری قورسی ژینگەیی لە ناوچەی گەشتیاریی کوردستان دەدات ئەوەش بەهۆی وەرگەڕانی تەنکەرە نەوتەکان و پیس بوونی ژینگە و ئاوی چۆمەکان. ئەوەش لە کاتێکدا پاش هاتنە سەر کاری دوایین نوێنەری مەریوان بەڵێن درا بە زووترین کات جادەکە تەواو بکرێت... هەڵبژاردنی نوێ بەڕێوەیە ئیتر وەعدەی جادەوبان و خزمەتگوزاری کار ناکات و پێویستە دروشمەکان گۆڕانکارییان تێدا بکرێت... ئەوەی بیری لە بەڕێوەبردنی ئەو کۆنگرەیە کردووەتەوە ڕەنگە دەروونناسیشی زانیبێت و سیاسەتوانێکی باشیش بێت.

بۆچوونێکیش ئەوەیە کە هەڵوێستەکان لەبارەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی ناودارانی کورد لەگەڵ هەڵوێستەکان لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆککۆماری لە ئێران هەڵسەنگێنین. دەربڕینی ئەم وتەیە زۆر زەحمەت نابێت ئەگەر بڵێین بەڕێوەبردنی کۆنگرەی ناودارانی کورد بە شێوەیێک لە شێوەکان تەعبیر لە ڕەئی و ڕوانینی دەوڵەت بوو بەرانبەر بە کورد و فەرهەنگی کوردی بە هەموو ڕەهەندەکانیەوە. دروست­بوونی گوتاری "باش و جاش" کە پاش کۆنگرەکە لە زۆر گرووپی ڕۆشنبیریدا بەچاو بینیمان زۆر لەو گوتارە دەچوو کە لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا بەڕێوە دەچێت و هەمیشە جەماعەتێک هەن کە لە ڕەنگەکاندا بەس ڕەش و سپی دەناسن و وشەی کورد و کوردستان بە موڵکی خۆیان دەزانن و سنووری "ئەشێ و نەشێ" بۆ کۆمەڵگا ئەتاشن و ئەوەی لە بازنەی شێوەی بیرکردنەوەی خۆیاندا نەبێت بە مەشرووع و ڕەوای نازانن. ئەم جەماعەتە پێیان وابووە ناوداری کورد نابێت خۆی بە دەستی دەسەڵاتەوە بدات و بەو ئیستیدلالەش تانەیان لە گەڕانەوەی مامۆستا مەزهەر خالقی داوە و لە جیاتی کەسانی وەک محەمەد عەلی سوڵتانی و شارام نازری و کوردستان موکریانی و هەموو ئەو کەسانە بڕیار دەدەن کە بەشداریی مەڕاسیمەکەیان کرد و ڕێزیان لێگیرا. بەڵام ئەگەر پرسیار لە زۆرینەی ئەو کەسانە بکرێت خۆیان تا ئەم کاتەی ژیانیان چەن میلیم لەو ڕێبازەیان بڕیوە کە قازانجی کوردی تێدایە ئەوەندەیان پێ نییە کە بێ ئەوەی شەرم بکەن بیخەنە ڕوو.

کۆنگرەی ناودارانی کورد بە هەموو قسەوباسەکانەوە کۆتایی پێهاتووە و بێگومان ڕەخنەی زۆری لەسەر بوو. کۆکردنەوەی هەموو خوێندنەوەکان لە یادداشتێکی وەک ئەم یادداشتەدا ناگونجێت. بەو هیوایەی ئەمە هەڵمەتێکی فەرهەنگی بووبێت و بەناوی فەرهەنگەوە نەکرابێت کە ئامانجی دیکەی وەک ئامانجە سیاسییەکان پەیڕەو بکات.

News Code 64991

Your Comment

You are replying to: .
captcha