کوردپرێس:
ڕۆژی چوارشەممە 10-7-2019 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی نوێی هەرێمی کوردستان کرد و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی هەرێمی کوردستان دەستبەکار بووە و رایدەگەیێنێت : "گەلی كوردستان و بەڕێزتان و كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیا دەكەمهوه كە وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەوپەڕی تواناوە پشتیوانی و هاوكاريی سەركەوتنی كاری ئێوە و كابینەی نۆیەمی حكوومەت دەكەم".
ڕۆژی چوارشەممە 10-7-2019 حکوومەتی تازەی کوردستان متمانەی لە پەرلەمان وەرگرت. سەرۆکوەزیرانی کابینەی نۆیەم مەسروور بارزانییە، قوباد تاڵەبانیش جێگرە، ئەوان و 21 وەزیر دوای دەنگدان لەسەریان، سوێندی یاساییان خوارد.
دەقی پیرۆزباییەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ مەسروور بارزانی
مهسروور بارزانى،
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان
سڵاو و ڕێز..
خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ پەرلەمانی هەرێمی كوردستان متمانهى دا به تان وەك سەرۆكوەزیران و به كابینەی نۆیەمى حكومهتى ههرێمى كوردستان. بەو بۆنەیەوە بەگەرمی پیرۆزبایتان لێدەكەم.
ئەمە دەستكەوتێكی دیكەی بەردەوامبوونی پرۆسەی گەشەپێدان و قووڵكردنەوەی دیموكراسییە لە هەرێمی كوردستان، لە ئەنجامی ویست و خۆڕاگری و هاوكاریی هاووڵاتیان و لايهنه كوردستانييهكان و دۆست و پشتیوانانی گەلەكەمان.
ئێوە شایستەی ئەم بەرپرسیاريهتی و متمانەیەن، دڵنیام ئەوپەڕی توانای خۆتان و تیمەكەتان دەخەنەگەڕ بۆ خزمەتكردنی هەرێمی كوردستان. ئەزموونی چەند ساڵەی كاركردنمان بۆ پاراستن و پێشخستنی دۆزی گەلەكەمان و پیادەكردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، بە زۆر قۆناغی هەستیار و سەختدا تێپەڕی، هیوادارم ئەو سەختیانە نەبینینەوە و هەموو تواناكان بۆ ئاوەدانكردنەوە و پێشكەوتنی زیاتری كوردستان تەرخان بكەین.
دڵنیام ئێوە لێهاتووانە، چالاك و كارا بەسەر گرفتەكاندا زاڵ دەبن، ورەی تیمەكەتان بەرامبەر تەحەددییەكان بەرز دەكەنەوە و ئەنجامی باش و خوازراو بەدەستدەهێنن. هیچتان درێخی ناكەن لە ئەرك و جێبەجێكردنی كاری رۆژانە و درێژخایەن بۆ درێژەدان بە دابینكردنی ئارامی، ئاسایش، گەشەی ئابووری، كۆمەڵایەتی و سیاسیی هەرێمی كوردستان.
گەلی كوردستان و بەڕێزتان و كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیادەكەمهوه كە وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەوپەڕی تواناوە پشتیوانی و هاوكاريی سەركەوتنی كاری ئێوە و كابینەی نۆیەمی حكومەت دەكەم.
سەركەوتنی ئێوە و جێگری سەرۆكوەزیران و تەواوی وەزیرەكان بۆ خزمەتكردنی هەرێمی كوردستان، سەركەوتنی هەموومان و سەركەوتنی گەل و هەرێمی كوردستانە.
لەگەڵ رێزمدا..
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
10/7/2019
Your Comment