سەرۆکوەزیرانی عێراق: سوپا و پێشمەرگە بۆشاییە ئەمنییەکان پڕ دەکەنەوە

عادل عەبدولمەھدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە رایگەیاند، رێککەوتنیان لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە کردووە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە هەندێک ناوچە دروست بووە و لەبارەی گفتوگۆی نێوان بەغدا و هەولێریشەوە گوتی گفتوگۆکان بەردەوامن.

کوردپرێس:

ڕۆژی سێشەمە 9ی تەمووزی 2019 عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پرێس کونفڕانسی هەفتانەی خۆیدا چەند تەوەرێکی عێراق و ناوچەکەی باس کرد و لە وەڵامی پرسیاری هەواڵنێری ڕووداودا باسی گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا و هەروەهاش ئەو بۆشایییە ئەمنییەی کرد کە لە نێوان سوپا و پێشمەرگە دروست بووە.

عادل عەبدولمەهدی لەبارەی پڕکردنەوەی بۆشاییی ئەمنیی نێوان سوپا و پێشمەرگە ڕایگەیاند: "ئێمە هەر لە سنوورەکانی نێوان عێراق - ئێران تاوەکوو دەگاتە سنووری نێوان عێراق - سووریا کە نزیکەی 500 کیلۆمەتر دەبێت دەستمان بە چاودێری کردووە، بۆشاییێکی فراوان هەیە لەنێوانی ئەو هێڵەی هێزەکانی فیدراڵی لێیە لەگەڵ ئەو هێڵەی هێزەکانی پێشمەرگەی لێیە. هەندێک جار رووبەری ئەو بۆشاییە دەگاتە 40 کیلۆمەتر و لە هەندێک شوێنیش 12 کیلۆمەتر، ئەو ڕووبەرەش لەنێوان هەردوولا جێهێڵدراوە و هەر بۆیە داعش بە هەلی دەزانێت بۆ تێپەڕاندنی پێداویستییەکان بۆ چەکدارەکانی و کارەکانی. هەر بۆیە رێککەوتن کراوە بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییە پڕ بکرێتەوە، ئێستاش هەوڵ دەدەین هێزەکانی فیدراڵی و هێزەکانی پێشمەرگە ئەو ڕووبەرە پڕ بکەنەوە کە پشتگوێ خراوە، ئەوەش دەستکەوتێکی گرنگی ئەمنییە."

سەبارەت بە گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغداش عەبدولمەهدی ڕایگەیاند: "گفتوگۆکان نەوەستاوە.. ئێمە دوو حکومەت یان دوو دەوڵەت نین بچینە ناو بابەتەکان وەک چۆن لەنێوان دوو دەوڵەتدا هەیە، بەڵکوو ئێمە هەموو رۆژێک پەیوەندیمان بە یەکەوە هەیە و قسە لەگەڵ یەکدی دەکەین، برایانمان لێرە دەچن و برایانمان لێرە پێشوازی دەکرێن و باس لە پرسەکان دەکەین و هیوادارین بگەینە رێککەوتن. ئەو رێککەوتنانەش ئاسان نین و هی چەندین ساڵن بەسەر یەکەوە کەڵەکە بوون و چەندین بابەت لەخۆی دەگرێت، پێویستی بە دۆزینەوەی چارەسەرێکی رژدی هەیە چ لەسەر پرسی کەرکووک، چ لەسەر پرسی نەوت، بابەتی سەرچاوە ئاوییەکان و بابەتەکانی دیکەش."

شایانی باسە جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی ڕایگەیاندبوو، بۆشاییێکی ئەمنی بە درێژایی 40 کیلۆمەتر لە ناوچە جێناکۆکەکان هەیە، کە شانە نووستووەکانی داعش سوودی لێوەردەگرن و بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر خەڵکی مەدەنی ناوچەکە.

بەگوتەی جەبار یاوەر، لە سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵەوە وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە کۆبوونەوەی بەردەوامیان هەیە بۆ ئەوەی رێککەوتنێک بکەن و ئارامی و ئاسایش بۆ ناوچەکانی کەرکووک، دیالە، خورماتوو و مەخموور بگەڕێننەوە.

News Code 64884

Your Comment

You are replying to: .
captcha