کوردپرێس:
نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق ڕۆژی سێشەمە 10ی تەمووزی 2019 بڵاوی کردەوە، بەرھەم ساڵح لە کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق، جەختی لە گرنگیی بەھێزکردنی پەیوەندی دۆستانەی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا لە گشت بوارەکان و ھەماھەنگی و بەردەوامیی ڕاوێژ لە بارەی پرسە ھاوبەشەکاندا کردەوە، کە دەبێتە مایەی بەرجەستەکردنی ھاریکاریی نێوان عێراق و وڵاتانی ئەورووپا.
لە دیدارەکەدا بەرھەم ساڵح ئاماژەی بە سیاسەتی ئاشکرای عێراق کرد لە بارەی پرسەکانی ناوچەکە و جیھان لە پێناوی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، ھاوکات ھەوڵەکانی باڵیۆز بیلکوا-ی لە بەھێزکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان عێراق و یەکێتیی ئەورووپا-ی بەرز نرخاند و ھیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داھاتوویدا بۆ خواست.
لەلای خۆیەوە ڕامۆن بیلکوا رایگەیاند، یەکێتیی ئەورووپا کارکردنی لەگەڵ عێراق بەدەسپێکی کارە سەرەکییەکانی دادەنێت بەھۆی پێگەی گرنگی عێراق لە ناوچەکە و جیھان و ئەو ڕۆڵە کاریگەرەی کە ھەیەتی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ناوچەکە.
*لە خەندان وەرگیراوە
Your Comment