فستیڤاڵی شێعری کوردیی "ملواری" لە خوراسان دەگاتە وێستگەی کۆتایی

بەشی فەرهەنگ و هونەر- فستیڤاڵی شێعری "ملواری" لە نێو کوردە کرمانجەکانی پارێزگای خوراسان وەک هەڵمەتێکی فەرهەنگیی کوردی دەستی پێکردبوو و ڕۆژی چوارشەمە ڕێوڕەسمی کۆتاییی ئەو فستیڤاڵە بە خەڵاتکران پاڵێوراوان بەڕێوە دەچێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس فستیڤاڵی ملواری فستیڤاڵێکی شێعری کوردییە کە کوردەکانی پارێزگای خوراسان بەڕێوەی دەبەن و بڕیارە لە ڕێوڕەسمی کۆتاییی فستیڤاڵەکەدا شاعیرانی پاڵێوراو خەڵات بکرێن.

فستیڤاڵەکە لە سەر ئەرکی بنکەی "دانشگاهیان" بەڕێوە دەچێت کە بنکەیێکە کۆمەڵێک خوێندکار و نووسەر و مامۆستای زانکۆ و چینی ڕۆشنبیری کوردی خوراسانی لە دەوری کۆ کردۆتەوە.

بڕیارە لە مەڕاسیمی کۆتاییی فستیڤاڵی ملواریدا ئەندامانی بنکەی "دانشگاهیان" ژمارەیێک لە شاعیرەکانی خوراسان و ئەندامانی کارگەی "کانیادڵ" و پاڵێوراوان و داوەرەکانی ئەو فستیڵاڤە بەشداری بکەن.

هەر لە ڕێوڕەسمەکەدا هونەرمەند عەلیڕەزا ئیسلامی بە ژەنینی ئامێری دووتار هونەری خۆی پێشکەش دەکات و براوەکانی ئەو فستیڤاڵەش شێعرەکانیان دەخوێننەوە بۆیە داوا لە لایەنگران و هۆگرانی ئەدەب و شێعری کرمانجی خوراسان کراوە ڕۆژی چوارشەمە 19ی پووشپەڕ بەرانبەر بە 10ی تەمووزی 2019 کاتژمێر 5 و نیوی دوانیوەڕۆ لە بنکەی "دانشگاهیان" کۆ ببنەوە.

News Code 64875

Your Comment

You are replying to: .
captcha