ناوه‌ندى راگه‌یاندنى پەکەکە: هێزى پاراستنى جه‌وهه‌ر سەربەخۆن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- هێزێکى چه‌کدارى نزیک له‌ پارتى کرێکارانى کوردستان که‌ بانگه‌شه‌ى پاراستنى هه‌رێمى کوردستان ده‌که‌ن به‌رانبه‌ر هێرشه‌کانى تورکیا دامه‌زرێنراوه‌، به‌رپرسانى په‌که‌که‌ ده‌ڵێن هێزه‌که‌ سه‌ربه‌خۆیه.

کوردپرێس: هه‌فته‌ى رابردوو له‌گه‌ڵ چڕبوونه‌وه‌ى هێرش و بۆردوومانه‌کانى تورکیا بۆ سه‌ر ناوچه‌ سنورییه‌کانى هه‌رێمی کوردستان و بنارى قه‌ندیل، له‌ میدیاکانى نزیک له‌ په‌که‌که‌وه‌ دروست کردنى هێزى پاراستنى جه‌وهه‌رى راگه‌یه‌نرا.

هێزه‌که‌ له ‌به‌یاننامه‌ى دامه‌زراندنیدا که‌ له‌لایه‌ن ئاژانسى فورات نیوزى نزیک له‌ په‌که‌که‌ بڵاو کراوه‌ته‌وه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌کردووه‌ "دروستکردنی هێزەکەیان لەبەرامبەر ئەو بێدەنگییەیە کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ئەو داگیرکارییەی دەوڵەتی تورکیا لە خاکی هەرێم هەیانە".هه‌روه‌ها جه‌ختیان کردووه‌ته‌وه‌، پێگەی «هێزە داگیرکەرەکان» لە هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج.

به‌پێی دوو گرته‌ى ڤیدیۆیی که‌ ئاژانسه‌که‌ بڵاویکردووه‌ته‌وه‌، چه‌ند که‌سێک ده‌رده‌که‌ون که‌ جلوبه‌رگى کوردییان له‌به‌ردایه‌و ده‌موچاویان داپۆشراوه‌ و هه‌ریه‌که‌یان چه‌کێکى جۆرى کڵاشینکۆفى پێیه‌.

یه‌کێک له‌ ئه‌ندامانى هێزه‌که‌ رایگه‌یاندووه‌ "ئێمە کەسانێک نین بۆ تێکدانی ئارامی بۆ شێوانی کوردستان دروست بووبین، بەڵکوو بە پێچەوانەوە دەمانەوێت بەخوێنی خۆمان و بەئیرادە و شەڕ و بەرخودانی خۆمان بە شێک بین لە پاراستنی ئەمن و ئاسایشی هەرێمی کوردستان".

ئه‌وه‌ یه‌که‌مجاره‌ هێزێکى چه‌کدارى نزیک له‌ په‌که‌که‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان رابگه‌یێنرێت که‌ هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ چڕبوونه‌وه‌ى هێرشه‌کانى تورکیا بۆ سه‌ر په‌که‌که‌.

هێرشه‌کانى تورکیا له‌چوارچێوه‌ى ئۆپه‌راسیۆنى چنگ-دایه‌ که‌ ماوه‌یێک له‌مه‌وبه‌ر راگه‌یێنرا، به‌ئامانجى کۆنترۆڵ کردنى چیا سه‌خته‌کانى خواکوڕک که‌ پێگه‌یێکى سه‌ره‌کى په‌که‌که‌یه‌ و ده‌که‌وێته‌ سه‌ر سنوورى ئه‌و وڵاته‌ له‌گه‌ڵ ئێران.

دیار ده‌نیز ئه‌ندامى ناوه‌ندى راگه‌یاندنى هه‌په‌گه‌ به‌ ‌هاوڵاتى-ی راگه‌یاندووە هێزى پاراستنى جه‌وهه‌رى هێزێکى سه‌ربه‌خۆیه‌ و ئامانجى پاراستنى هەرێم و گه‌لى کوردستانه‌ له‌ هێرشه‌کانى تورکیا، به‌تایبه‌ت که‌ ئێستا تورکیا له‌شکرکێشى کردووه‌ بۆ نا خاکى هەرێم.

دیار ده‌نیز وتیشى «ئه‌گه‌ر حکوومه‌تى عێراق و هێزى پێشمەرگە به‌رانبه‌ر تورکیا بوه‌ستنایه‌ و هه‌ڵوێستیان هه‌بوایه‌، ئه‌و هێزه‌ دروست نه‌ده‌کرا، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌وان هیچ شتێک ناکه‌ن به‌رانبه‌ر هێرشه‌کانى تورکیا ئه‌و هێزه‌ دروستکراوه‌«.

ئه‌ندامى ناوه‌ندى راگه‌یاندنى هه‌په‌گه‌ جه‌ختیشی کرده‌وه‌، ئه‌و هێزه‌ گرێدراوى په‌که‌که‌ نییه ‌و ده‌یانه‌وێت خاکى هەرێم بپارێزن.

دروستکردنى ئه‌و هێزه‌ له‌کاتێکدایه‌، حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌چه‌ند رۆژى رابردوودا و له‌ راگه‌یێنراوێکدا جه‌ختی کرده‌وه‌ قبووڵى ناکات له‌ خاکه‌که‌یه‌وه‌ هێرش بکرێته‌ سه‌ر وڵاتانى دراوسێ، له‌ ئاماژه‌یێکى رووندا بۆ په‌که‌که‌ که‌ ماوه‌ى چوار ده‌یه‌یه‌ له‌گه‌ڵ تورکیا له‌شه‌ڕێکى خوێناویدایه‌.

حکوومه‌تى هه‌رێم ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردبوو، له‌سه‌ر بۆردوومانه‌کانى ئه‌م دواییه‌ى تورکیا نیگه‌رانییان گه‌یاندووه‌ته‌ تورکیا. به‌هۆى بۆردوومانه‌کانه‌وه‌ له‌ بنارى قه‌ندیل سێ هاوڵاتى گیانیان له‌ده‌ستدا و پێنجى دیکه‌ش برینداربوون.

سه‌باره‌ت به‌ راگه‌یێنراوه‌که‌ى حکوومه‌تى هه‌رێم، دیار ده‌نیز باسى له‌وه‌کرد، په‌که‌که‌ هێزێکى کوردییه‌ و ده‌یه‌وێت خاکى کوردستان بپارێزێت له‌هه‌ر شوێنێک بێت، به‌رانبه‌ر «داگیرکارییه‌کانى» تورکیا.

به‌پێی یاسا هه‌ر هێزێک له‌ هه‌رێمى کوردستان دروست بکرێت پێویسته‌ له‌ژێر چه‌ترى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌دا بێت، به‌ڵام هێشتا لیواکانى 70ى یه‌کێتى و 80ى پارتى له‌ده‌ره‌وه‌ى وه‌زاره‌ته‌که‌ ماونه‌ته‌وه‌، سه‌ره‌ڕاى هه‌وڵه‌کان بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌یان.

عه‌مید عادل کاکه‌یی شرۆڤه‌کارى سه‌ربازى دەڵێت: دروست کردنى ئه‌و هێزه‌ ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن په‌که‌که‌وه‌ بێت نایاساییه‌، چوونکه‌ په‌که‌که‌ گۆڕه‌پانى کارکردنى له‌ کوردستانی تورکیایە‌ و حزبێکى رێگه‌پێدراونییه‌ له‌ هه‌رێم تا بتوانێت کاربکات و گرووپى چه‌کدارى دروست بکات.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 64758

Your Comment

You are replying to: .
captcha