وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌: تورکیا سیاده‌ی خاکی عێراق و هه‌رێمی کوردستان پێشێل ده‌کات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ 450 گوندی هه‌رێمی کوردستان له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌کانی تورکیا و سووریا به‌هۆی بۆردوومان و تۆپبارانه‌کانی تورکیاوه‌ چۆڵ بوونه‌ و ده‌ڵێت: هێرش و بۆردوومانه‌کانی تورکیا له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌کان پێشێل کردنی سیاده‌ی خاکی هه‌رێمی کوردستان و ده‌وڵه‌تی عێراقه‌ و به‌پێی یاسا ده‌بێت عێراق لێی بێته‌ ده‌نگ.

کوردپرێس:

له‌ 27ی مانگی 5ی ئه‌مساڵه‌وه‌ ده‌وڵه‌تی تورکیا ئۆپه‌راسیۆنێکی سه‌ربازی له‌ دژی ناوچه‌ی خواکورکی هه‌رێمی کوردستان ده‌ست پێکردووه‌ و هه‌زاران سه‌ربازی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هێناوه‌ته‌ سه‌ر خاکی هه‌رێمی کوردستان، له‌ پاڵ ئه‌وه‌شدا ڕۆژانه‌ به‌ فڕۆکه‌ی جه‌نگیی بۆردوومانی ناوچه‌ سنوورییه‌کان ده‌کات و خه‌ڵکی مه‌ده‌نیی ده‌کاته‌ ئامانج که‌ له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و داگیرکارییانه‌ی ده‌وڵه‌تی تورکیا، جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ قسه‌ی بۆ ڕۆژنیوز کرد.

جه‌بار یاوه‌ر بێ‌ئاگاییی خۆیان له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ ده‌رده‌بڕێت که‌ ده‌وڵه‌تی تورکیا دژی ناوچه‌ی خواکورک ده‌ستی پێکردووه‌ و ده‌ڵێت: هیچ زانیارییێکمان نییه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ی تورکیا که‌ له‌ خواکورک ده‌ستی پێکردووه‌، چونکه‌ ئێمه‌ هێزمان له‌وێ نه‌بووه‌ و نیمانه‌ تا زانیارییێکمان له‌وێ بۆ بگوازێته‌وه‌، ئێمه‌ش ده‌بێت پشت به‌و زانیارییانه‌ ببه‌ستین که‌ یه‌که‌ سه‌ربازییه‌کان بۆمان ده‌نێرن، ئه‌و ناوچانه‌ی که‌ ئێستا ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنانه‌ی تێدا ئه‌نجام ده‌درێت به‌تایبه‌ت سێکوچکه‌ی سنوور، ته‌نها ‌هێزی په‌که‌که‌ی لێیه‌ و هیچ یه‌که‌یێکی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌و ناوچانه‌ جێگیر نین.

ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی کوردستان باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ تا ئێستا زیاتر له‌ 400 بۆ 450 گوند له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ تورکیا و سووریا به‌هۆی بۆردوومان و تۆپبارانه‌وه‌ چۆڵ بوون و ده‌شڵێت: زۆر جار خه‌ڵکی مه‌ده‌نیی ئه‌و ناوچانه‌ که‌ ده‌چن بۆ سه‌ر ڕه‌ز باخه‌کانیان و کێڵگه‌کانیان تووشی کێشه‌ ده‌بنه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی که‌ بۆردوومان ده‌کرێن و زۆر که‌سیش به‌و هۆیه‌وه‌ شه‌هید بوون.

ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئۆپه‌راسیۆن و هێرش و داگیرکارییه‌کانی ده‌وڵه‌تی تورکیا به‌ به‌ پێشێل کردنی سیاده‌ی عێراق و هه‌رێمی کوردستان ناو ده‌بات و جه‌خت ده‌کاته‌وه‌: سنوور و خاک و ئاسمان بابه‌تی سیادین، له‌ ڕووی یاساییه‌وه‌ ده‌بێت ده‌وڵه‌تی عێراق به‌ده‌نگ بێت له‌سه‌ریان، چونکه‌ ئه‌و ده‌توانێت وه‌ک ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی تورکیا ئه‌م کێشانه‌ چاره‌سه‌ر بکات، بینیمان وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراقیش به‌یاننامه‌یێکی دژ به‌ بۆردوومانه‌کانی تورکیا و بۆ پشتیوانیی خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه‌ بڵاو کرده‌وه‌ و وه‌کوو هه‌ڵوێستی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیش وته‌بێژی حکوومه‌تی هه‌رێم به‌یاننامه‌یێکی له‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوه‌ ده‌رکرد.

جه‌بار یاوه‌ر ڕاشی‌گه‌یاند: ئه‌مه‌ی که‌ ڕوو ده‌دات کێشه‌ی ئه‌مڕۆ نییه‌، به‌ڵکوو ئه‌م کێشه‌یه‌ له‌ ساڵانی کۆتاییی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه‌ تاوه‌کوو ئێستا به‌رده‌وامه‌، ئێمه‌ وه‌ک وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ لایه‌ن نین له‌و کێشه‌یه‌ و ناشبین به‌ لایه‌نێکی ئه‌و کێشه‌یه‌، هه‌میشه‌ش دووپاتی ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ ئه‌م کێشانه‌ به‌ چه‌ک چاره‌سه‌ر ناکرێت به‌ڵکوو ده‌بێت به‌ ئاشتی و دانووستان بێت بۆ ئه‌وه‌ی کۆتایی به‌م شه‌ڕ و ئاژاوه‌ بهێندرێت.

جه‌بار یاوه‌ر ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌کات که‌ هه‌ر کێشه‌یێکی سه‌ربازی و ئۆپه‌راسیۆنێک که‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان ئه‌نجام بدرێت کاریگه‌رییێکی نه‌رێنی له‌سه‌ر هه‌لومه‌رجیی ئه‌منیی هه‌رێمی کوردستان به‌گشتی ده‌بێت و زیان به‌ دانیشتووانه‌که‌ی ده‌گه‌یه‌نێت هه‌ر بۆیه‌ کاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هه‌رێمی کوردستانیش ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌ چونکه‌ ئێمه‌ زۆر ده‌روازه‌ی سنووریمان له‌و ناوچانه‌ هه‌یه‌ که‌ ده‌که‌ونه‌ ئه‌و شوێنانه‌ی که‌ ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنانه‌ی تێدا ئه‌نجام ده‌درێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 64749

Your Comment

You are replying to: .
captcha