به‌رهه‌م ساڵح: جه‌نگێكی نوێمان له‌ ناوچه‌كه‌دا ناوێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆک كۆماری عێراق له‌ میانی چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی ئیلاف گوتی: جه‌نگێكی نوێ له‌ ناوچه‌كه‌دا ڕه‌ت ده‌که‌ینه‌وه‌ و ئه‌گه‌ری ڕوودانی جه‌نگ به‌ واتای گه‌ڕانه‌وه‌ی هێز و توانا بۆ داعش دێت.

کوردپرێس:

دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک كۆماری عێراق له ‌میانی چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ عوسمان ئه‌لعومه‌یر دامه‌زرێنه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ڕۆژنامه‌ی ئیلاف له‌باره‌ی دۆخی جیهان به‌ گشتی و ناوچه‌كه‌ به‌ تایبه‌تی گفتوگۆیان ئه‌نجام دا و له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا ڕای‌گه‌یاند: "چیدی نامانه‌وێت عێراق ببێته‌ مه‌یدانی جه‌نگ و ململانێكان چوونكه‌ وڵاته‌كه‌ ئه‌و ئه‌زموونه‌ی بینیوه‌ و ده‌زانین كه‌ چ جۆره‌ ئه‌نجامێكی لێده‌كه‌وێته‌وه‌".

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ ململانێكانی نێوان ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و ئێران ئاماژه‌ی به‌وه ‌كرد: "ئه‌و كێشه‌یه‌ ده‌بێت له‌ ڕێگه‌ی ئه‌نجامدانی دانووستانه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، ئێران وڵاتێكی گرنگه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا و ناكرێت فه‌رامۆش بكرێت، سنووری عێراق له‌گه‌ڵ ئێران هه‌زار و 400 كیلۆمه‌تره‌، په‌یوه‌ندیگه‌لێكی توند ئێمه‌ به ‌گه‌لی ئێرانه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ و نامانه‌وێت ئه‌و ناكۆكییه‌ سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌ بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌".

سه‌رۆكی عێراق له‌ درێژه‌ی وته‌كانیدا سه‌باره‌ت به‌ هه‌مان بابه‌ت به‌و ڕۆژنامه‌یه‌ی گوت: "ئێستا عێراق هاتووه‌ته‌وه‌ ناو مه‌یدانی سیاسیی ناوچه‌كه‌ و به‌رژه‌وندییه‌كانیشی له‌ دوو خاڵدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌؛ یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه كه‌ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ مێژووی جه‌نگ و په‌شێوی، دووهه‌میان به‌ ئامانجگرتنی تێكده‌ری و تێرۆره‌ كه‌ ئه‌و كاره‌ پێوستی به‌ سیاسه‌تێكی دانایانه‌ هه‌یه‌ بۆ ده‌رهێنانی ڕه‌گ و ڕیشه‌یان".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 64744

Your Comment

You are replying to: .
captcha