بەپێی هەواڵی کوردپرێس ڕۆژی چوارشەمە 12ی پووشپەڕ بەرانبەر بە 3ی تەمووزی 2019 کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ئێران بە سەرۆکایەتیی حەسەن ڕۆحانی بەڕێوە چوو و لەو دانیشتنەدا سەرۆککۆماری ئێران دووپاتی کردەوە بەپێی وادەی ڕاگەیێندراو ڕۆژی 16ی پووشپەڕ قۆناغی دووهەمی کەمکردنەوەی پێبەندبوونی ئێران بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەست پێدەکات و لەو باریەشەوە زۆر جدین لەبەر ئەوەی بەنیازن خۆیان پارێزگاری لە مافی هاووڵاتییانی ئێران بکەن ئەوەش بە پێی مادەی 36ی ڕێککەوتنەکە.
حەسەن ڕۆحانی ڕەخنەی توندی لە وڵاتانی واژۆکاری بەرجام گرت و گوتیشی ئەو وڵاتانە کاریان بووە بەوە بەیاننامە دەرکەن و نیگەرانی دەرببڕن و ئەسەف بخۆن ئەگەر جگە لەوە هیچیتریان لە دەست نایەت با هەر ئێستا بەیاننامەکانیان دەرکەن چوونکە ئێران ڕۆژی 16ی پووشپەڕ بە هەموو توانایەوە دەست دەکات بە کەم کردنەوەی پێبەندبوونی بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئەوەش لە پێناو پارێزگاری کردن لە مافەکانی گەلی ئێران لە چوارچێوەی مادەی 36ی ڕێککەوتنی ئەتۆمی.
سەرۆککۆماری ئێران گوتیشی ئێستا ئێران بە پشوودرێژی یەک ساڵی تەواو خایاندوویەتی و هیوای ئەوەی بوو کە لایەنەکانی دیکەی واژۆکاری بەرجام پێبەند بن بە ڕێککەوتنەکە و لەپێناو پارێزگاری کردن لە مافەکانی ئێران هەنگاوێک هەڵبێنن بەڵام پاش یەک ساڵ ئەورووپا و لایەنەکانی واژۆکاری بەرجام هیچیان نەکرد و ئێستا مافی خۆمانە لە ئاستی پێبەندبوونمان کەم بکەینەوە.
ڕۆحانی گوتیشی لە ڕۆژی 16ی پووشپەڕەوە بە هەر ڕێژەیێک بە زەرووری بزانین پیتاندنی ئوورانیۆم زیاد دەکەین.
شایانی باسە ئەمڕۆ ساڵوەگەڕی ئەو هێرشەیە کە ئەمریکا کردیە سەر فڕۆکەی گەشتیاریی ئێران و ژمارەیێکی زۆر لە هاووڵاتییانی مەدنیی ئێران بوونە قوربانی. حەسەن ڕۆحانی لەبارەی ئەو ڕووداوەشەوە وتی هێرشەکەی سەر ئەو فڕۆکە گەشتیارییە سەلماندی کە ئەمریکا باکی لە تاوان کردن نیە.
سەرۆککۆماری ئێران داوای لە ئەمریکا و ئەورووپاش کرد بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و ڕێز لە لایەنی بەرانبەریان بگرن. گوتیشی: هەرکات ئەوان بگەڕێنەوە بۆ ڕککەوتنەکە ئەوا ئێرانیش ئامادەیە پێبەند بێت بە هەموو خاڵەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی.
Your Comment