کوردپرێس: سەفین دزەیی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەداخەوە پەکەکە بەناوی جیاجیا هەوڵیداوە پەردەپۆشی کردە نەشیاوەکانی خۆی بکات، هەر گرووپێک کە هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دەورووبەر بکات، ئەو گرووپە جێگای نابێتەوە لە هەرێمی کوردستان چوونکە ئێمە نامانەوێت هەرێمی کوردستان ببێتە بنکەیێک بۆ هەر گرووپێک کە هەڕەشە لە وڵاتانی دراوسێ بکات، بوونی ئەو جۆرە گرووپانە لە هەرێمی کوردستان بووەتە مایەی نیگەرانی هەموو لایێک، بووەتە هۆکاری ئەوەی کە شەڕ و پێکدادان هەبێت و زەرەر و زیان بە هاووڵاتییان و ناوچەکە بگات".
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایشی کرد کە بە هۆی بوونی ئەو گرووپەوە چەندین گوند لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان نەتوانراوە ئاوەدان بکرێتەوە و گوتی: "بە هۆی بوونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان، ژمارەیێکی زۆر لە گوندەکانی سەر سنوور نەتوانراوە ئاوەدان بکرێتەوە، هۆکاری سەرەکی ئەوەیە بوونی ئەو چەکدرانە لەو ناوچانە، هیوادارین دووبارە بیر لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بکەنەوە و کاردانەوەیێکی وا نەکەن ببێتە هۆی ناخۆشی و نەهامەتی".
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چەندینجار جەختی لەوە کردووەتەوە کە نابێت خاکی ھەرێمی کوردستان بۆ ھێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربھێندرێت و ئارامی و سەقامگیری ھەرێمی کوردستان تێکبدرێت.
سەرچاوە: ئانادۆڵۆ
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment