نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ شاندێکی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش کۆ بوویه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان سه‌ردانێکی چاوه‌ڕواننه‌کراوی بۆ به‌غدا ئه‌نجام دا و له‌گه‌ڵ شاندێکی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی کۆ بوویه‌وه‌ و له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا دۆخی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی، په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان به‌غدا و هه‌رێمی کوردستان، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ زیانبه‌ركه‌وتووه‌كانی شه‌ڕی تیرۆر و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ زێدی خۆیان خرایه‌ به‌ر باس و لێکدانه‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی شه‌ممه‌ 26ی 6ی 2019 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانێکی چاوه‌ڕواننه‌کراوی بۆ به‌غدا ئه‌نجام دا و له‌وێ له‌گه‌ڵ هه‌ر پازده‌ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی به‌ یاوه‌ریی نوێنه‌ری تایبه‌تی سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له‌ عێراق كۆ بووه‌وه‌.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا نێچیرڤان بارزانی پوخته‌یێكی ده‌رباره‌ی دۆخی سه‌ختی ڕابردووی هه‌رێمی كوردستان و شه‌ڕی داعش و قۆناغی ئێستا و ڕوانینی خۆی بۆ داهاتوو پێشكه‌ش كرد و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوانیان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور پێویستی به‌ ڕۆڵ و پشتگیری و هاوكاریی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌.

ناوبراو جه‌ختی له‌ گرنگیی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ و هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر كرده‌وه‌ به‌تایبه‌تیش له‌ ناوچه‌كانی ماده‌ی 140 و له‌مباره‌یه‌وه‌ گرنگیی هاوكاریی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی دووپات كرده‌وه‌‌، هه‌روه‌ها سوپاسی ڕۆڵی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی و یوونامی كرد له‌ پشتگیری كردنی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و تێکشكاندنی تیرۆر.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا که‌ خاتوو د. ڤاڵا فه‌رید سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان و نوێنه‌رانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق و ژماره‌یێک له‌ به‌رپرسانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئاماده بوون، ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی خۆشحاڵیی خۆیان به‌ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و پیرۆزباییی ده‌ستبه‌کاربوونیان لێکرد.

شانده‌که‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستانی له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و حه‌واندنه‌وه‌ی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و پاراستنی پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌رز نرخاند و خۆشحاڵی و پشتگیریی خۆی بۆ ئاسایی بوونه‌وه‌ و به‌ره‌وپێشچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر- به‌غدا نیشان دا.

تاوتوێ کردنی دۆخی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی، پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و وڵاتانی دراوسێ، چاكسازییه‌كان و ده‌رفه‌ته‌كانی كار و وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێم، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ زیانبه‌ركه‌وتووه‌كانی شه‌ڕی تیرۆر و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ زێدی خۆیان لایه‌نێکی دیکه‌ی کۆبوونه‌وه‌که‌ بوو.

شایانی باسه‌؛ سه‌رله‌به‌یانیی ڕۆژی شه‌ممه‌ 29ی حوزه‌یرانی 2019 شانده‌که‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان که‌ له‌ نوێنه‌رانی چه‌ندین وڵات پێکهاتووه گه‌یشتنه‌ به‌غدا و یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆکوه‌زیرانی عێراق به‌ڕێوه‌ چوو.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 64636

Your Comment

You are replying to: .
captcha