کوردپرێس:
بەرەڤان حەمدی بریكاری وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە پرێس كۆنفرانسێكی هاوبەشدا ڕایگەیاند: "جارێكی دیكە كۆبوونەوەی سێ قۆڵیی لیژنەی هەماهەنگی و بەدواداچوون بۆ هەڵدانەوەی گۆڕی بێسەروشوێنبووانی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران بەڕێوە چوو".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا، گفتوگۆكان لەسەر ناوچەكانی پێنجوێن و ماوەت و حاجی ئۆمەران بووە، لەگەڵ ژمارەی تیم و ئەوانەی بەشدار دەبن بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەكان لە نێوان هەرسێ لایەنی عێراق و ئێران و هەرێمی کوردستاندا، ئەوەش بەچاودێریی رێكخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی دەكرێت.
بریكاری وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێم باسی لەوە كرد، پێشتر لە خاكی عێراق و ئێراندا كار بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەكان كراوە، ئەم جارەش بڕیاریان داوە لە ناو خاكی هەرێمدا كاری لەسەر بكەن، هەردوولاش بڕیار و بەڵێنیان داوە هاوكاریی تیمەكان بكەن بۆ هەڵدانەوەی گۆڕی بەكۆمەڵ لە شنگال و سەماوە، بەتایبەت لە ناسینەوەی تەرمەكان بەو ئامێرە پێشكەوتووانەی هەیانە.
بەرەڤان حەمدی وتیشی "لیژنەیێک لەگەڵ ئێران پێكدێت بۆ دۆزینەوەی منداڵە ونبووەكانی هەڵەبجە و سوودوەرگرتن لە تاقیگەی كەوسەر بۆ ناسینەوەیان".
شایانی باسە ڕۆژی دووشەممە 24ی حوزەیرانی 2019 كۆبونەوەیێكی سێ قۆڵی لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق و كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەدواداچوون­كردن لەبارەی بێسەروشوێنبووانی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران بەڕێوە چوو.
Your Comment