لە ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر مەلەفی نەوت کێ بەرپرسیارە؟

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نوێنەری کوردی پەرلەمانی عێراق بە کوردپرێسی وتووە ڕێککەوتنی سیاسیی نێوان بەغدا و هەولێر بۆتە ڕێگر لەوەی دۆسیەی نەوتی هەرێم یەکلا ببێتەوە و دەشڵێت نەوت و داهاتی نەوتی هەرێم کەوتۆتە دەست گرووپێک.

کوردپرێس:

سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لە کاتێکدا بوو کە دۆسیەی نەوتی هەرێم لە دادگای فیدراڵیدا لە قۆناغی کۆتایی نزیک بۆتەوە. هاوکات لەگەڵ دانیشتنەکەی دادگای فیدراڵیدا سێ پەرلەمانتاری کورد کە خۆیان بە ڕەخنەگری سیاسەتی نەوتیی هەرێمی کوردستان دەزانن دەستیان کردووە بە بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیەیە لە پەرلەمان و لە دادگای فیدراڵیش. ئەو سێ پەرلەمانتارە نەک هەر ڕەخنە لە بەرپرسانی هەرێم دەگرن بەڵکوو تۆمەتی ئەوەش دەخەنە پاڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کە ناوبراو ڕێگرە لەوەی دۆسیەی نەوتی هەرێم لە دادگای فیدراڵی بگاتە ئەنجام و مەبەستەکەشی ئەوەیە بە ڕێکەوتنی سیاسی مەسەلەکە یەکلا بکاتەوە.

ئاژانسی هەواڵی کوردپرێسی لەبارەی ئەو تەوەرانەوە گفتوگۆیێکی لەگەڵ سەرکەوت شەمسەدین پەرلەمانتاری عێراق سەربە نەوەی نوێ کردووە کە یەک لەو سێ پەرلەمانتارەیە بەدواداچوون بۆ دۆسیەی نەوتی هەرێم دەکات.

سەرکەوت شەمسەدین لەبارەی بەدواداچوونەکانی خۆی و هۆشیار عەبدوڵڵا و ئەحمەد حاجی ڕەشید بە کوردپرێسی گوت: "دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە دادگای فیدراڵی لە 2012وە لەسەر سکاڵای وەزارەتی نەوتی عێراق دژی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە. ڕۆژی دووشەمە 17ی حوزەیرانی 2019 دادگای فیدراڵی دانیشتنێکی دیکەی بۆ تاوتوێ کردنی دۆسیەکە بەڕێوە برد. من و ئەحمەد حاجی ڕەشید لە فارکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی و هۆشیار عەبدوڵڵا لە فراکسیۆنی گۆڕانەوە بەشداریی دادگاکەمان کرد. دادگا جگە لە وەڵامی عادل عەبدولهمەدی هەموو لێدوان و بەرگرییەکانی وەرگرت. دادگا وەڵامی سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی ڕەت کردەوە و داوای لە عەبدولمەهدی کرد ڕۆژی 5ی ئەیلوول کە دیسان دادنیشتنی دادگا بەڕێوە دەچێت وەڵامەکەی پێشکەش بکات."

کوردپرێس پرسیاری ئەوەی لە سەرکەوت شەمسەدین کرد کە ئایا پێشبینی دەکەن سەرۆکوەزیران وەڵامێک بداتەوە یان ئەم جارەش وەک جارانی پێشوو بە ڕێکەوتنێکی سیاسی بابەتەکە دوا دەخرێت؟ ناوبراو لە وڵامدا بە هەواڵنێری کوردپرێسی ڕاگەیاند ئەوان بەردەوام دەبن لە فشارەکانیان بەڵام ڕەنگە سەرۆکوەزیران بە ئەنقەست وەڵام نەداتەوە و ڕێککەوتنی سیاسی مەلەفەکە و دانیشتنەکانی دادگا دیسان دوا بخات بەڵام ئەو ڕێککەوتنانە کێشەکە چارەسەر ناکات.

سەرکەوت شەمسەدین ئەو کارتانەی گوشاریشی ناو برد کە ئەوان بەدەستیانەوەیە بۆ ئەوەی گوشار بخەنە سەر حکوومەتی عێراق و لەو بارەیەوە ڕایگەیاند لە ڕێگەی پەرلەمانتارانی دیکەی عێراقەوە گوشار دەخەنە سەر سەرۆکوەزیران کە بە نایاسایی دانیشتنەکان و وەڵامی دادگای دوا خستووە و ئەوەش ڕاستەوخۆی پێوەندیی بە ئابووری عێراقەوە هەیە و دەبێت یان ڕێگاچارەیێک بۆ ئەو کێشەیە بدۆزێتەوە یان ڕێگە بدات دادگای فیدراڵی کاری خۆی بکات و کێشەکە یەکلا بکاتەوە.

ئەو نوێنەرەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی هۆکاری دواخستنی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی بە کوردپرێسی وت دواخستنەکان خۆی بە مەبەستە و ئامانجەکەشی ئەوەیە ڕێککەوتنی بەدیل بێتە دی بەڵام ئەوان ڕێککەوتنی هەتاییان دەوێت و ڕێککەوتنی مەوەقەت و کاتییان ناوێت چوونکە ئەو مەلەفە ئیستقڕاری سیاسی و ئابووری و داراییی هەموو عێراقی لەسەر بەندە و بە وتەی سەرکەوت شەمسەدین لە هەرێمی کوردستانیش نەوت لە دەستی گرووپێکدایە کە بە هۆکاری بەقاچاخ بردنی نەوت و شاردنەوەی سەرچاوە و داهاتەکەیان دەزانێت.

ناوبراو گوتیشی لە پەرلەمان گرووپەکان بۆ بەدواداچوونی مەلەفەکان پێکدێن و ئەو گرووپە سێ کەسییەی ئەوانیش گرووپێکی بچووککراوەیە کە لە سەر مەلەفی نەوت کار دەکەن و جگە لە پەرلەمانتارانی پارتی، بە عام پەرلەمانتارانی کورد پشتگیریی ئەوان دەکەن هەندێکیان بە سووری لەگەڵیانن و هەندێکی دیکەشیان ئەگەرچی لەگەڵیانن بەڵام بێدەنگن و چاوەڕوان دەکەن هەولێر و بەغدا بگەنە ڕێککەوتن. بەڵام بەعام هەموویان لەگەڵ ئەوەن کە ئەو مەلەفە بە یەکجاری حەل بکرێت.

سەرکەوت شەمسەدین ئاماژەی بە ڕادەستنەکردنی نەوتی هەرێم بۆ بەغدا و مەترسیی بڕینی مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگەی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2020ی عێراق کرد و ڕایگەیاند ئەوە مەترسییێکی ئێجگار گەورەیە. لەبەر ئەوەی هەر ئێستا گوشارێکی زۆر لەسەر عەبدولمەهدی لەبەر ئەو مەسەلەیە هەیە و ئەگەری زۆرە کە لە ساڵی داهاتوودا ڕێککەوتنی بودجە بەم شێوەیە نەکرێت بەڵام بەرپرسانی هەرێم و بەتایبەتی پارتی و شەخسی بارزانی تەحەمولی ئەو کێشەیە دەکەن هەر بۆیەش کێشەکە بە چارەسەرنەکراوی دەمێنێتەوە.

ئێستا کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێکهاتندایە و پرسیاری ئەوە دێتە ئاراوە کە ئایا حکوومەتەکەی مەسروور بارزانی بەتایبەتی لە مەلەفی نەوتدا دەتوانێت لەگەڵ بەغدا بگاتە ڕێککەوتن یان کێشەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە. سەرکەوت شەمسەدین لەو بارەیەوە بە هەواڵنێری کوردپرێسی وت: " من پێم وایە ئەگەر فشاریان لەسەر نەبێت نەخێر بە هیچ شێوەیێک ئامادە نین ئەو کێشەیە یەکلا بکەنەوە مەگەر ئەوەی گوشارێکی زۆر زۆریان لەسەر بێت و لە دادگای فیدراڵی ناچار بکرێن ئەو مەلەفە ڕادەستی عێراق بکەن ئەگینا دۆسیەکە بە ناشەفافی و بەتاریکی دەمێنێتەوە. مەلەفی نەوت لە عێراق مەلەفێکی نیشتمانییە و لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی عێراقیش و هەرێمی کوردستانیشە ئێمە خەرێکی نەوتی کەمی خۆمان نەبین بەڵکوو بە هاوبەشی بەشدار بین لە نەوتی زۆری عێراق."

دیمانە: حەسەن ساڵحی

News Code 64529

Your Comment

You are replying to: .
captcha