کوردپرێس:
جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی کوردستان به دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕتی ڕاگه‌یاند: حکوومه‌تی عێراق له یاسای بودجه‌ی 2019دا بڕیاری داوه جیاواز له مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران مانگانه بڕی 68 ملیار دینار بۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه خه‌رج بکات به‌ڵام تا ئێستا مووچه‌ی پێنج مانگی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی لایه و ناشزانرێت هۆکاری نه‌ناردنی پاره‌که بۆ هه‌رێم چییه.
ناوبراو ڕاشی‌گه‌یاند: سه‌رباری ئه‌وه‌ی بڕه‌پاره‌یێک له یاسای بودجه‌دا بۆ پێشمه‌رگه جێگیر کراوه به‌ڵام تا ئێستا ئاگادار نه‌کراونه‌ته‌وه له کاتی ناردنی پاره‌که.
هاوکات ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید په‌رله‌مانتاری عێراق به دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕتی ڕاگه‌یاند: بڕیار بوو 68 ملیار دیناره‌که مانگانه له‌گه‌ڵ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمدا بخرێته سه‌ر هه‌ژماری وه‌زاره‌تی داراییی هه‌رێم به‌ڵام پاره‌که تا ئێستا نه‌هاتووه و وه‌زیری داراییی عێراقیش هاوکاریان نییه له به‌دواداچوون بۆ چاره‌نووسی ئه‌و 68 ملیار دیناره‌ی پێشمه‌رگه.
شایانی باسه؛ حکوومه‌تی عێراق له یاسای بودجه‌ی 2019دا بڕیاری داوه جیاواز له مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، مانگانه بڕی 68 ملیار دینار که ساڵانه ده‌کاته 816 ملیار دینار بۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه خه‌رج بکات.
له مانگی نیسانی ئه‌مساڵه‌وه عادل عه‌بدولمه‌هدی ڕه‌زامه‌ندی نیشان داوه له‌سه‌ر خه‌رج کردنی ئه‌و پاره‌یه‌ی له بودجه‌ی عێراقدا بۆ هێزه‌کانی پێشمه‌رگه ته‌رخان کراوه و تا مانگی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵیش به‌غدا پێنج جار بڕی 450 ملیار دیناری بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ناردووه به‌ڵام هیچ بڕه‌پاره‌یێکی بۆ پێشمه‌رگه نه‌ناردووه و له ئێستادا به‌غدا بڕی 340 ملیار دیناری پێنج مانگی پێشمه‌رگه‌ی لایه.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment