ژاپۆن ناتوانێت لە ڕووی سەربازییەوە هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکات

بەشی جیهان- کونسووڵی ژاپۆن لە هەولێر دیمانەیێکی لەگەڵ کوردپرێس کردووە و تێیدا ئاماژەی کردووە بە یەک ملیار دۆلار یارمەتیی ژاپۆن بۆ هەولێر و دەشڵێت: پێوەندییەکانی نێوان هەولێر و تۆکیۆ لە بەرزترین ئاستی خۆیدایە بەڵام بەوەشەوە ژاپۆن ناتوانێت لە ڕووی سەربازییەوە هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکات.

کوردپرێس:

پاش ڕووخانی بەعس، هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیێکی خۆبەڕێوەبەر ئیدارە دەکرێت و لە ڕێگای باڵوێزخانەکانی عێراقەوە لە دەرەوەی وڵات هەوڵی فراوانکردنی پێوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و جیهانی دەدات و توانیویەتی قەناعەت بە زۆر وڵاتی گرینگی جیهان بهێنێت کە کۆنسووڵخانەکانیان لە هەولێر بکەنەوە. بۆیە ئێستا نزیکەی 30 وڵاتی جیهان کونسووڵخانەیان لە پێتەختی هەرێمی کوردستان کردۆتەوە. هەولێریش لە زۆر وڵاتی وەکوو بەریتانیا و ئەمریکا نووسینگەی کردۆتەوە.

ژاپۆن یەک لەو وڵاتانەیە کە لە هەرێمی کوردستان کونسووڵخانەی کردۆتەوە. ئەو وڵاتە بۆ زۆر پڕۆژەی جۆربەجۆر لە ڕووی ئابوورییەوە یارمەتیی هەرێمی کوردستانی داوە. ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس بە مەبەستی تاوتوێ کردنی ئاستی پێوەندییەکانی نێوان هەولێر و تۆکیۆ دیمانەیێکی لەگەڵ کاتسۆمی مۆریاسۆ کونسووڵی ژاپۆن لە هەولێر ئەنجام داوە.

مۆریاسۆ لەبارەی ئاستی پێوەندییەکانی نێوان ژاپۆن و هەرێمی کوردستان بە هەواڵنێری کوردپرێسسی ڕاگەیاند: "دەتوانین بڵێین پێوەندییەکانی نێوان ژاپۆن و هەولێر لە بەرزترین ئاستی خۆیدایە و ئێمە پێمان باشە ئەو ئاستە بەرزتریش بکەینەوە. هەردوو دەوڵەتی ژاپۆن و هەرێمی کوردستان کۆکن لەسەر ئەوەی ئەم ئاستەی پێوەندییەکانیان بەرزتریش بکەنەوە. بۆ وەسف کردنی ئاستی ئەو پێوەندییانە دەبێت سەرنجێکی پەیامی پیرۆزباییی تارۆ کۆنۆ وەزیری دەرەوەی ژاپۆن بدەین کە ڕۆژی 10ی جوون بۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستانی ناردبوو و لە ڕۆژی سوێندخواردنەکەیدا ئەو پەیامە ڕاگەیێندرا."

مۆریاسۆ لەباری هاوکاریی سەربازیی نێوان ژاپۆن و هەرێمی کوردستان گوتیشی: "ژاپۆن بە هیچ شێوەیێک هاوکاریی سەربازیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان نیە. ژاپۆن پاش شەڕی دووهەمی جیهانی و بەگوێرەی دەستووری ئەو وڵاتە هەموو جۆرە هاوکارییێکی سەربازیی لەگەڵ وڵاتانی دیکە لێ قەدەغە کراوە."

کونسووڵی ژاپۆن لەبارەی شێوەی ڕوانینی ژاپۆن بۆ مەسەلەی کورد و هەڵوێستی تۆکیۆ لەبارەی ڕیفراندۆمەکەی 25ی ئەیلوولی کوردستان بە کوردپرێسی گوت: ئەوە مەسەلەیێکی نێوخۆی عێراقە و پێوەندیی بە ژاپۆنەوە نیە."

مۆریاسۆ لەبارەی بەرنامەکانی ژاپۆن بۆ پێشخستن و گەشەی ئابووری و پیشەییی هەرێمی کوردستان بە کوردپرێسی وت: "وڵاتی ژاپۆن یەک لە دۆست و شەریکە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقیشە بۆ پێشخستنیان لەباری پیشەیی و ئابوورییەوە. دەوڵەتی ژاپۆن لەو پێناوەشدا لە ساڵی 2007وە بە مەبەستی جێبەجێ کردنی چەندین پڕۆژەی جۆربەجۆر و فەراهەم کردنی ژێرخانی پێویست 945 ملوێن دۆلار قەرزی بە هەولێر داوە. هەروەها ساڵی 2018 بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی ژێرخانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان یارمەتیی هەولێری داوە. جگە لەوەش دوو پڕۆژەی دەوڵەمەندکردنی تۆڕی ئاو و وزەخانەی ئاو لە دێرەلۆک ئێستا لە جێبەجێ کردندایە.

کونسووڵی ژاپۆن ئاماژەی بە یارمەتییەکانی ئەو وڵاتە لەباری مرۆییشەوە کرد و بە هەواڵنێری کوردپرێسی ڕاگەیاند: "ژاپۆن لە 2003وە نزیکەی 1200 فەرمانبەر و بەڕێوەبەری هەرێمی کوردستانی بانگهێشت کردووە و مەشقی پێویستی لە بوارە جۆربەجۆرەکاندا پێکردوون بۆ ئەوەی لەباری تەکنیکییەوە ڕایان بهێنێت."

مۆریاسۆ هەروەهاش ئاماژەی بە یارمەتیی 460 ملوێن دۆلاریی وڵاتەکەی بۆ عێراق وهەرێمی کوردستان کرد کە ساڵی 2014 بە مەبەستی یارمەتیی مرۆیی بۆ سەقامگیریی ناوچە لێقۆماوەکان پێشکەشی کردووە. گوتیشی ژاپۆن هەوڵی داوە ئاسانکاری بۆ لێقۆماوان و ئاوارە و بێ ماڵ و حاڵەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات.

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 64482

Your Comment

You are replying to: .
captcha