نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و رەجەب تەیب ئەردۆغان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری تورکیا کۆ بوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا دۆخى سياسى و ئه‌منیى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، مه‌ترسيى سه‌رهه‌ڵدانه‌وەى داعش، دۆخى ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان له‌ تيرۆر، گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران، ئارامى، سه‌قامگيرى و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى ناوچه‌كانيان و چه‌ند بابه‌تێكى ديكه‌يان تاوتوێ كرد.

کوردپرێس:

بەپێی هەواڵێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان "ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكۆمارى توركيا، پيرۆزباییی ده‌ستبه‌كاربوونى له‌ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان كرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست. هيواشى خواست كابينه‌ى تازه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پێكبێت و جه‌ختى له‌ خواستى توركيا بۆ بره‌ودانى زياتر به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌".

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆککۆماری تورکیا "پشتگيرى و خۆشحاڵيى خۆى بۆ گفتوگۆ و به‌ره‌وپێشچوونى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا نيشان دا".

وەک لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: "نێچيرڤان بارزانى سوپاسى كرد و جه‌ختى له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ توركيا ده‌ڕوانێت و خوازيارى به‌رەوپێشبردنى زياترى‌ په‌يوه‌ندييه‌كانه‌ به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئابوورى و زيادكردنى قه‌باره‌ى ئاڵۆگۆڕى بازرگانيى نێوان هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ توركيادا".

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ياندا كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ينى 21-6-2019 له‌ ئيستەنبووڵ به‌ڕێوه‌چوو، ''هه‌ردوولا دۆخى سياسى و ئه‌منى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، مه‌ترسيى سه‌رهه‌ڵدانه‌ى داعش، دۆخى ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان له‌ تيرۆر، گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران، ئارامى، سه‌قامگيرى و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى ناوچه‌كانيان و چه‌ند بابه‌تێكى ديكه‌يان تاوتوێكرد''.

ئەمە لەکاتێکدایە نێچیرڤان بارزانی، پێش ماوەیێک لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی ئەلمۆنیتەر گوتبووی؛ دەبێ کێشەی کورد لە تورکیا بەشێوەی ئاشتییانە و بە دیالۆگ چارەسەر بکرێت، شەڕ چارەسەر لەگەڵ خۆیدا ناهێنێت.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای سەردانی دوێنێ پێنجشەممە (20-6-2019)ـی بۆ بەغدا، لەسەر داوای سەرۆکی تورکیا، ئەمڕۆ سەردانی تورکیای کرد و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆ بووەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 64481

Your Comment

You are replying to: .
captcha