ئاماده‌ین سه‌رجه‌م كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان به‌پێی ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكه‌ین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان دوای كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیران، سه‌رۆک كۆمارو سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراقدا له‌به‌غدا، رایگه‌یاند: هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه‌ سه‌رجه‌م كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق به‌پێی ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكات.

کوردپرێس: نێچیرڤان بارزانی، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، به‌سه‌رۆكایه‌تی وه‌فدێک، له‌یه‌كه‌م گه‌شتیدا دوای ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ک سه‌رۆكی هه‌رێم گه‌یشته‌ به‌غدای پایته‌خت و یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق ئه‌نجامدا و دواتریش له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆک كۆماری عێراق كۆ بووه‌وه‌.

هه‌ر له‌میانی گه‌شته‌كه‌یدا، نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق كۆ بوونه‌وه ‌و دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش له‌به‌یاننامه‌یێكی كورتدا رایگه‌یاند: "ئەمڕۆ لە بەغدا لەگەڵ به‌ڕێزان سەرۆک وەزیران، سەرکۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کۆ بوومەوە و دووپاتم کردەوە کە ھەرێمی کوردستان ئامادەیە سەرجەم کێشە ھەلپەسێردراوەکانی لەگەڵ حکوومەتی فێدرالی عێراق بەپێی دەستوور چارەسەر بکات و له‌ هه‌موو بواره‌کاندا هاوکاری و هه‌ماهه‌نگی بکه‌ین".

به‌پێی به‌یاننامه‌یێكی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، بەرھەم ساڵح، لە میانی پێشوازی کردنی لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و وه‌فدی یاوری، ئاماژەی بەوەکردووه‌ کە سەردانەکەی سەرۆکی ھەرێم بۆ بەغدا، دەبێتە ھۆی باشترکردنی پەیوەندی نێوان بەغدا و ھەولێر و ھاریکاری زیاتر لە پێناو پەرەپێدانی رۆڵی دامەزراوە یاساییەکان، ھاوکات بڕوای خۆشی نیشانداوه‌ بە ھاتنە کایەی سازان و بەیەکەوە کارکردنی لایەنە سیاسییەکانی عێراق لە پێناو بەرژەوەندی ھەموو گەلانی عێراقدا.

بەرھەم ساڵح، جەختی لە گرنگی خستنەگەڕی ھەوڵەکان کردۆتەوە لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێم بەپێی دەستوور و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان.

به‌پێی به‌یاننامه‌كه‌ لەلای خۆیشیەوە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان خواستی خۆی بۆ بەھێزکردنی گفتوگۆی ڕاستەقینە و ڕێزگرتن لە بنەماکانی دەستوور دەربڕیوه‌، بەجۆرێک کە ئامانجە ھاوبەشەکان دەستەبەر بکات و ببێتە فاکتەرێک بۆ بەھێزکردنی پەیوەندی دۆستانە.

به‌یاننامه‌كه‌ هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ ھەر لەدیدارەکەدا دوا پێشھات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە و جیھان تاتوێ کران.

سەرچاوە: ئاوێنە

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 64474

Your Comment

You are replying to: .
captcha