٢٠ حوزەیران ٢٠١٩ - ١٤:٠٥
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و لەگەڵ سەرۆکوەزیران، سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆ دەبێتەوە.

کوردپرێس:

تەلەڤزیۆنی ڕووداو ڕایگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەمە 20ی حوزەیرانی 2019 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و بڕیارە لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیران، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمار و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆ ببێتەوە.

ئەوە یەکەم سەردانی نێچیرڤان بارزانییە بۆ بەغدا وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەوەش دوای ئەوەی رۆژی 10ـی ئەم مانگە سوێندی یاساییی خوارد.

نێچیرڤان بارزانی لە یەکەم گوتاری دوای سوێندخواردنیدا ئامادەییی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی کیشەکان لەگەڵ بەغدا دەربڕی.

دوای راگەیاندنی کابینەی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی عادل عەبدولمەهدی لە تشرینی یەکەمی رابردوودا، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا باشتر بوون. بەڵام کۆمەڵێک کێشە بە چارەسەرنەکراوی لەنێوان هەردوولا ماونەتەوە، لەوانەش نەوت و بودجە و بەڕێوەبردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.

لە دوای ساڵی 2003ەوە پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی بە قۆناخی جیاوازدا تێپەڕیوون. ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر دەکاتەوە، چارەسەرکردنی کێشەکانە بەگوێرەی دەستوور و ئومێدەوارە بۆ ئەو مەبەستەش بەرپرسانی بەغدا ئامادەییی تەواویان هەبێت.

News Code 64465

Your Comment

You are replying to: .
captcha