کوردپرێس:
ماڵپه‌ڕی تایبه‌تی ڕێبه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ڕای‌گه‌یاند: شاندێکی کاربه‌ده‌ستانی ئیداری، سه‌ربازی و جێبه‌جێکاری پارێزگای کوردستان ڕۆژی 27ی جۆزه‌ردان به‌رانبه‌ر به 17ی حوزه‌یرانی 2019 له‌گه‌ڵ ئایه‌توڵڵا خامنه‌یی ڕێبه‌ری باڵای شۆڕش کۆ بوونه‌ته‌وه.
له دیداره‌که‌دا که له‌سه‌ر ته‌وه‌ری کۆنفڕانسی ڕێزنان له 5400 شه‌هیدی پارێزگای کوردستان به‌ڕێوه چوو ئایه‌توڵڵا خامنه‌یی ئاماژه‌ی به ڕۆڵی مێژووییی شۆڕشگێڕان و خه‌باتکارانی مێژووی شۆڕشی ئیسلامی دا و له‌و نێوانه‌شدا ڕۆڵی شه‌هید شێخولئیسلامی به گرینگ وه‌سف کرد و ڕای‌گه‌یاند: قه‌ت وتاره‌که‌ی به‌ڕێز شێخولئیسلامم له بیر ناچێت که له مزگه‌وتی گه‌وره‌ی شاری سنه به به‌شداریی هه‌زاران که‌س پێشکه‌شی کرد.
ئایه‌توڵڵا خامنه‌یی دیسان ستایشی پێشمه‌رگه موسڵمانه‌کان و هه‌موو هێزه خه‌باتگێڕه‌کانی شۆڕشی ئیسلامیی کرد که له پارێزگای کوردستان ئه‌رکی قورسیان له‌سه‌ر شان بووه و ئه‌رکه‌که‌شیان جیاواز بووه له هه‌موو پارێزگاکانی دیکه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رده‌می شه‌ڕ بووه و نه‌یارانی ئێرانیش له‌و کاته‌دا جووڵه و چالاکیی زۆریان له ناوچه‌که‌دا هه‌بووه.
شایانی باسه کاربه‌ده‌ستانی به‌ڕێوه‌به‌ری کۆنگره‌ی یادی 5400 شه‌هید له پارێزگای کوردستان پێش سێ ڕۆژ له به‌ڕێوه‌چوونی کۆنگره‌که ئه‌و دیداره‌یان له‌گه‌ڵ ڕێبه‌ری باڵای شۆڕش ئه‌نجام داوه و ئه‌مڕۆش پێنجشه‌ممه 30ی جۆزه‌ردانی 1398 کۆنگره‌که به به‌شداریی کاربه‌ده‌ستان و لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌کان له هۆڵی وه‌رزشیی 22ی گوڵانی شاری سنه به‌ڕێوه ده‌چێت.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment