دادگای توركیا بڕیاری ئازادكردنی ده‌میرتاشی ده‌رنه‌کرد

به‌شی تورکیا- له‌ میانی به‌ڕێوه‌چوونی دووه‌م ڕۆژی پرۆسه‌ی دادگایی كردنی هاوسه‌رۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) دادوه‌ر بڕیاری ئازاد‌كردنی ده‌میرتاشی ده‌رنه‌کرد.

کوردپرێس:

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 19ی حوزه‌یرانی 2019 دووه‌م ڕۆژی پڕۆسه‌ی دادگایی كردنی سه‌ڵاحه‌ددین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) به‌ڕێوه ‌چوو و ده‌میرتاش له‌ ڕێگه‌ی سیسته‌می ده‌نگ و ڕه‌نگ له‌ زیندانی سزا قورسه‌كانی ئه‌دیرنه‌ و به‌ ئاماده‌بوونی پارێزه‌رانی به‌شدار بوو له‌ پرۆسه‌ی دادگایی كردنه‌كه‌دا که‌ دادوه‌ر بڕیاری ئازادکردنی ناوبراوی ده‌رنه‌کرد.

هه‌روه‌ها ده‌میرتاش له‌ توویتێكدا له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی توویته‌ر ڕای‌گه‌یاند که‌ زیندانی پێ باشتره‌ له‌ ئازادبوونی ئه‌گه‌ر به ‌بڕیارێكی سیاسی‌ بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگده‌ری كورد ڕازی بكه‌ن بۆ ده‌نگدان به‌ بینالی یڵدرم به‌ڵام ئه‌مڕۆ به‌ بڕیاری ده‌سته‌ی دادوه‌ران سه‌ڵاحه‌ددین ده‌میرتاش ئازاد نه‌كرا و پرۆسه‌ی دادگایی كردنی بۆ ڕۆژی 16ی ته‌ممووزی ئه‌مساڵ دوا خرا.

ده‌میرتاش نووسیویه‌تی: "ده‌مویست یڵدرم بهاتایه‌ بۆ ئێره‌ و ئاماده‌ی دانیشتنه‌که‌ی دادگا بوایه‌، بهاتایه‌ و بیبینیایه‌ به‌ چی تۆمه‌تبار ده‌کرێم، به‌ چ هۆکارێک دادگایی ده‌کرێم؟ ئه‌گه‌ر گوته‌کانی من تاوان بن ئێستا ده‌بوایه‌ هه‌ردووکمان له‌ ته‌نیشت یه‌ک دابنیشتینایه‌".

شایانی باسه‌؛ ڕۆژی 4ی تشرینی دووه‌می ساڵی 2016 سه‌ڵاحه‌ددین ده‌میرتاش له‌گه‌ڵ فیگه‌ن یوكسه‌كداغ و نۆ ئه‌ندام په‌رله‌مانی دیكه‌ی پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) به‌ تۆمه‌تی "پشتیوانی كردن له‌ پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌که‌که‌)" له‌لایه‌ن حكوومه‌تی توركیاوه‌ ده‌ستگیر كران و تا ئێستاش ئازاد نه‌كراون.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 64456

Your Comment

You are replying to: .
captcha