بەرهەم ساڵح: عێراق و کوەیت ناکۆکییەکانی رابردوویان تێپەراند

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆک کۆمارى عێراق بەرھەم ساڵح، ڕایگەیاند کە پەیوەندییەکانی عێراق و کوەیت لە سایەی دانایی و خواستی سەرکردایەتی ھەردوو وڵات ناکۆکییەکانی رابردوویان تێپەراند.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆک کۆمارى عێراق بەرھەم ساڵح و ئەمیری دەوڵەتی کوەیت شێخ سەباح ئەحمەد جابر سەباح ئەمڕۆ چوار شەممە ٢٠١٩/٦/١٩ لە کۆشکی سەلام کۆ بوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا بەرھەم ساڵح ئاماژەی بەوەدا کە عێراق خوازیاری بونیادنانی پەیوەندییێکی بەھێزە لەگەڵ داروسێکانی بەتایبەتی دەوڵەتی کوەیت، بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی ھەردوو گەلی دۆست بکات.

سەرۆک کۆماری عێراق ھەروەھا دووپاتیکردەوە کە عێراق لە ڕوانگەی چەسپاندنی بنەماکانی دیالۆگ و ڕێزگرتن لە دراوسێیەتی و ھاوسەنگی لە ناوچەکەدا دەڕوانێتە قەیرانەکان.

ھەر لەدیدارەکەدا، بەرهەم ساڵح خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی ئەمیری کوەیت و شاندی یاوەری دەربڕی و ھیوای خواست کە ئەم سەردانە ببێتە فاکتەرێک بۆ ھەڵدانەوەی لاپەرەیێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتدا.

هاوکات میری کوەیت ئاماژەی بە پشتیوانی وڵاتەکەی کرد بۆ عێراق لە تێپەڕاندنی ئەو دۆخە نەخوازراوەی کە لە ئەنجامی کارە تیرۆریستییەکان دووچاری ھاتبوو، ھاوکات سەردانەکەیشی بۆ عێراق بە ھەلێک زانی تاوەکوو برەو بە پەیوەندی و ھاریکاری نێوان ھەردوو وڵات بدات، لە ھەمان کاتدا چارەسەری دۆسێیە ھەڵپەسێراوەکانی نێوان ھەردوولا بکات، ھاوکات سەردانەکەیشی بە ھەنگاوێک ناوبرد بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و کوەیت و جەختیشی کردەوە کە سەقامگیری ئاسایش لە عێراق گرنگییێکی زۆری ھەیە بۆ کوەیت.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دوا پێشھات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە و ھەوڵەکانی ھێورکردنەوەی دۆخەکە تاوتوێ کرا و ھاوکات باسیش لە بەشداری کوەیت لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی عێراق و بەھێزکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵات کرا بەجۆرێک کە خواستەکانی ھەردوو گەلی دۆست بەدیبھێنێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 64445

Your Comment

You are replying to: .
captcha