کوردپرێس: بزووتنهوهی گۆڕان، ئهمڕۆ چوارشهممه له ڕوونكردنهوهیێكدا سهبارهت به پرسی نهوت و غاز رایگهیاند: پرسی نەوت و غاز دەبێ بەرێگای دەستووری یاسایی چارەسەر بکرێت ئەویش بە دەرکردنی یاسا و تا دەرکردنی ئەم یاسایەش مافی دەستووریی هەرێمی کوردستانە نەوت و غاز بەرهەم بهێنێ و ئیدارەی سامانە سروشتیەکانی هەرێم بکات".
دەقى روونکردنەوەکە...
بزووتنەوەی گۆڕان، وەک هێزێکی سیاسی مەدەنی رەخنەگر دروست بووە و واشدەمێنێ، هەر لەگەل دەسپێکی کاری سیاسی و راگەیاندنی ئەم بزووتنەوەیەدا، دروشمی رەخنە بە زمانی گوڵ-ی هەڵگرت.
هەر لەبەرئەوەیە، کە رەخنەگرتن بە زمانی گوڵ بابەتێکی حەیاتیە بۆ بزووتنەوەی گۆڕان، بۆ ئەوەی هەمیشە بە شێوازێکی شارستانی لە دژی کارە نا دەستووری و نایاساییەکان و لەدژی هەموو شێوازەکانی گەندەڵی خەبات بکات و بوەستێتەوە.
بۆیە بزووتنەوەی گۆڕان بەهەموو توانای پشتگیری لە سەرجەم ئەو رەخنانە دەکات، کە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی دەگیرێ و بە زمانی گوڵ و بەشێوازی شارستانی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم دەکرێت.
هەر رەخنەیێکیش لەلایەن هەڵسووڕاوانی حیزبی و حکوومەت و پەرلەمانەوە بگیرێ بە ناڕەوا بۆ مەرام و بەرژەوەندی کەسێتی، بۆ خۆنواندن و خۆدەرخستن و بە زمانێکی ناشایستە و ناشارستانی ئاراستەی کەس و لایەن و دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم بکرێ، گوزارشت لە سیاسەت و بەرنامەی بزووتنەوەی گۆڕان ناکات، بەڵکوو رەتیشی دەکاتەوە.
سەبارەت بە کێشەو پرسی نەوت و غاز، مادەی 140، بودجەی ساڵانە و پێشمەرگە، کە هەموویان پرسی نیشتیمانین، و نابێ بکرێ بە بابەتی موزایەدە لەنێوان لایەنەکانی هەرێم، دەبێ بە رێکاری دەستووری و یاسایی چارەسەر بکرێ لەنێوان هەرێم و بەغدا، بە بەشداری و هاوکاری و هەماهەنگی تەواوی لایەنەکانی کوردستان لە بەغدا.
بۆ بابەتی نەوت و غاز و بوودجەی هەرێمیش، بزووتنەوەی گۆڕان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە دەبێ بەرێگای دەستوری یاسایی چارەسەر بکرێ، ئەویش بە دەرکردنی یاسای نەوت و غاز و دەرکردنی یاسای دەستەی گشتی چاودێری کردنی داهاتە تەرخانکراوەکانی فیدڕاڵی بەپێی (مادەی 106ی دەستوری هەمیشەیی عێراق)و دروست کردنی ئەو دەستەیە بە زووترین کات، کە چواردەساڵە دەسەڵاتدارانی عێراق بەگشتی خۆیان لە دەرکردنی ئەو یاسایانە ئەدزنەوە، کە دەرکردنی ئەو یاسایانە و دروست کردنی ئەو دەستەیە تەنیا زامنە بۆ ئەوەی جارێکی تر بودجەی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران بدرێ و نەوتیش بە گشتی بخرێتە خزمەتی هاوڵاتیان لە عێراق و هەرێم.
تا دەرکردنی ئەم یاسایەش مافی دەستووریی هەرێمی کوردستانە نەوت و غاز بەرهەم بهێنێ و ئیدارەی سامانە سروشتیەکانی هەرێم بکات، بەڵام جەخت لەوە دەکەینەوە کە دەبێ ئەو داهاتانە شەفاف بێت و لەژێر چاودێری پەرلەمانی کوردستان و بە بڕیاری حکوومەتی هەرێم بۆ بەرژەوەندی هاونیشتیمانیانی کوردستان سەرف بکرێ.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment