ئه‌مریکا ناتوانێت قه‌ناعه‌ت به‌ هه‌رێمی کوردستان بهێنێت دژایه‌تیی ئێران بکات

به‌شی دیمانه‌/ جیهان- دوکتۆر بیل پارک به‌ ئاژانسی کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: ئه‌مریکا ناتوانێت قه‌ناعه‌ت به‌ هه‌رێمی کوردستان بهێنێت دژایه‌تیی ئێران بکات و ئه‌م بابه‌ته‌ش مومکینه‌ په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێمی کوردستان و ئه‌مریکا به‌ره‌وڕووی کێشه‌ بکاته‌وه‌.

کوردپرێس:

پێده‌چێت به‌ کۆتایی‌هاتنی شه‌ڕی داعش که‌ کورد ده‌ورێکی به‌رچاوی له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌ گێڕا بابه‌تی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین دابمرکێت به‌ڵام هه‌ندێک بابه‌ت له‌وان به‌رجه‌سته‌بوونی ڕۆڵی کورد له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مدواییه‌ی تورکیا، ڕێگه‌پێدان به‌ عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان بۆ دیدار له‌گه‌ڵ پارێزه‌رانی و ناردنی په‌یام بۆ کورد و حیزبه‌ سیاسییه‌کانی تورکیا و سووریا، ته‌عامولی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ تورکیا و هێرشی ئه‌مدواییه‌ی ئه‌نقه‌ره‌ بۆ سه‌ر په‌که‌که‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان و هه‌روه‌ها داهاتووی په‌یوه‌ندیی کورد له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا پیشانده‌ری هه‌بوونی بابه‌تی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤینه‌ و مشتومڕی له‌سه‌ر ده‌کرێت. هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس بۆ لێکدانه‌وه‌ی کاروباری کورد دیمانه‌یێکی له‌گه‌ڵ دوکتۆر بیل ئێچ پارک مامۆستای پێشووی کینگ کالجی له‌نده‌ن و توێژه‌ری زانکۆی ئابوور و ته‌کنه‌لۆژیای تورکیا ئه‌نجام داوه‌. ناوبراو چاودێری کاروباری تورکیا و کوردی عێراق، سووریا و تورکیاشه‌‌ و وتارێکی زۆری له‌وباره‌وه‌ نووسیوه‌.

دوکتۆر پارک به‌ کوردپرێسی وتووه‌: دیداری ئه‌مدواییه‌ی ئۆجه‌لان له‌گه‌ڵ پارێزه‌ران هیواکان بۆ به‌رده‌وامیی پڕۆسه‌ی ئاشتی نابووژێنێته‌وه‌. ئه‌مریکا ده‌یهه‌وێت بۆ ماوه‌یێکی درێژخایه‌ن له‌ هه‌رێمی کوردستان بمێنێته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ پشتیوانی له‌ سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی کوردستان ناکات. ناوبراو ته‌ئکیدی کرده‌وه‌ که‌ ئه‌مریکا ناتوانێت قه‌ناعه‌ت به‌ هه‌رێمی کوردستان بهێنێت له‌ هه‌ندێک بابه‌ت وه‌ک سه‌پاندنی گه‌مارۆ بۆ سه‌ر ئێران دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ بکات و پێداگریی له‌سه‌ر بابه‌ته‌ش مومکینه‌ په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێمی کوردستان و ئه‌مریکا به‌ره‌وڕووی کێشه‌ بکاته‌وه‌.

دیمانه‌ی کوردپرێس له‌گه‌ڵ دوکتۆر بیل ئێچ پارک:

کوردپرێس: پێده‌چێت پاش به‌ڕێوه‌چوونی ڕیفراندۆمی ساڵی 2017 په‌یوه‌ندی و ڕوانگه‌ی تورکیا هه‌مبه‌ر هه‌رێمی کوردستان گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه‌ و ئه‌نقه‌ره‌ش وه‌ک ڕابردوو ئاوڕ له‌ په‌یوه‌ندیی خۆی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان ناداته‌وه‌. بۆچی؟

دوکتۆر بیل پارک: من پێم وایه‌ پاش به‌ڕێوه‌چوونی ڕیفراندۆمی هه‌رێمی کوردستان، تورکیا وه‌ک ڕابردوو په‌یوه‌ندییێکی گه‌رم و گوڕی له‌گه‌ڵ هه‌رێم نه‌ماوه‌ چوونکه‌ ئه‌و وڵاته‌ بیر له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ هه‌رێمی کوردستان به‌ به‌ڕێوه‌بردنی ڕیفراندۆم و به‌تایبه‌ت له‌ که‌رکووک خه‌یانه‌تی کردووه‌. تورکیا هه‌وڵه‌کانی بۆ ته‌عامولی زیاتر له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌بۆنه‌ی هاورده‌ی نه‌وتی ئه‌و وڵاته‌ چڕ ده‌کاته‌وه‌ و پێده‌چت به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که‌ دادستێنه‌کانی دادگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی بازرگانی مومکینه‌ هه‌نارده‌ی نه‌وت له‌لایه‌ن هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ بۆ تورکیا و به‌شداریی ئه‌و وڵاته‌ له‌و بابه‌ته‌ به‌ نایاسایی ڕابگه‌یێنن کۆتایی به‌ هاورده‌ی نه‌وتی خاوی هه‌رێمی کوردستان بهێنێت به‌ڵام له‌ هه‌ندێک بابه‌تدا وه‌ک بازرگانی، قه‌رزی بانکی و... درێژه‌ به‌ هاوکارییه‌کانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان ده‌دات.

کوردپرێس: هه‌رێمی کوردستانی عێراق هه‌مبه‌ر هێرشی سوپای تورکیا بۆ سه‌ر په‌که‌که‌ له‌ چیای قه‌ندیل و پێشڕه‌وییه‌کانی سوپای ئه‌و وڵاته‌ له‌ خاکی ئه‌و ناوچه‌یه‌ بێده‌نگی نواندووه‌. هۆکاری ئه‌م بێده‌نگییه‌ چییه‌؟

دوکتۆر بیل پارک: پارتی دیموکرات له‌مباره‌وه‌ بێده‌نگی نواندووه‌ و دوو حیزبی گۆڕان و یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستانیش بێده‌نگییان گرتۆته‌به‌ر به‌ڵام بێده‌نگییه‌کانی وه‌ک پارتی هه‌میشه‌یی نییه‌. دوو هۆکار بۆ بێده‌نگیی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌رباره‌ی هێرشه‌کانی تورکیا بۆ سه‌ر په‌که‌که‌ له‌ خاکی هه‌رێمی کوردستان له‌ئارادایه‌: یه‌که‌م؛ پارتی به‌و ئه‌نجامه‌ گه‌یشتووه‌ که‌ ناتوانێت ده‌رباره‌ی هێرشه‌کانی سوپای تورکیا بۆ سه‌ر په‌که‌که‌ له‌ خاکی هه‌رێمی کوردستان به‌ربه‌ستێک بۆ تورکیا دروست بکات چوونکه‌ له‌ ڕووی بازرگانی، هه‌نارده‌، خوراک، سه‌رمایه‌دانه‌ری، قه‌رز و... وابه‌سته‌ی تورکیایه‌. هه‌روه‌ها {مه‌سعوود بارزانی} په‌که‌که‌ به‌ ڕکابه‌ری سیاسی و ئایدیۆلۆژیکی سووریا و ڕکابه‌رێک بۆ وه‌ده‌ستهێنانی پشتیوانیی ناسیۆنالیزمی کوردی ده‌زانێت. هه‌بوونی په‌که‌که‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان هه‌ندێک کێشه‌ی بۆ هه‌ولێر له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ ئێران و تورکیا دروست کردووه‌ که‌واته‌ پێشوازی له‌ ئاماده‌بوونی ئه‌وان له‌ هه‌رێمی کوردستان ناکرێت. به‌ڵام من پێم وایه‌ سه‌رکرده‌کانی پارتی دیموکرات به‌ بێده‌نگییه‌که‌ی به‌رانبه‌ر هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر ناوچه‌کانی باکووری هه‌رێمی کوردستان ڕیسکی کردووه‌ که‌ کوژرانی هاووڵاتییانی کورد و خاپووربوونی گوند و کێڵگه‌ جووتیاره‌کانی لێکه‌وته‌وه‌.

کوردپرێس: ژماره‌یێک پێیان وایه‌ که‌ پاش ڕێگه‌پێدان به‌ عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان بۆ دیدار له‌گه‌ڵ پارێزه‌رانی هیواکان بۆ جێگیربوونی دووباره‌ی ئاگربڕی نێوان په‌که‌که‌ و تورکیا و ده‌ست پێکردنه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی ئاشتی بووژاوه‌ته‌وه‌. ئایا ئێوه‌ش به‌م شێوازه‌ بیر ده‌که‌نه‌وه‌؟

دوکتۆر بیل پارک: نا. من پێم وایه‌ ئه‌ردۆغان ئاماده‌ نییه‌ وه‌ڵامی داواکاریی کوردی تورکیا وه‌ک ئیداره‌ی خۆسه‌ر بداته‌وه‌. ئه‌نقه‌ره‌ له‌ هه‌ر بابه‌تێکدا له‌وان ڕه‌فتاری چه‌ند ساڵی ڕابردووی له‌ به‌رانبه‌ر کورد له‌ باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته‌ و هه‌روه‌ها گرتنه‌به‌ری داپه‌ڕی توند دژی کوردی سووریا بێ‌متمانه‌ییێکی زیاتری دروست کردووه‌ و ئه‌و بابه‌ته‌ش وای کردووه‌ که‌ کورد ڕه‌فتارێکی خۆپارێزانه‌ بگرێته‌به‌ر.

کوردپرێس: له‌مدواییانه‌دا تورکیا هه‌وڵی داوه‌ بۆ ده‌وردانه‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان به‌ شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ ته‌عامول له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی عێراق بکات. ئامانجه‌که‌ی چییه‌ و ئایا ئه‌م بابه‌ته‌ مومکینه‌؟

دوکتۆر بیل پارک: به‌ڵێ ده‌توانێت ئه‌و کاره‌ ئه‌نجام بدات. تورکیا هه‌وڵ ده‌دات هاورده‌ی وزه‌ له‌ عێراق زیاد بکات هه‌م بۆ دابین‌کردنی وزه‌ی خۆی و هه‌م به‌بۆنه‌ی به‌ره‌نگاری له‌گه‌ڵ ئه‌و له‌مپه‌رانه‌ی که‌ سزاکانی ئه‌مریکا له‌سه‌ر هاورده‌ی وزه‌ی ئێران ده‌یسه‌پێنێت. مومکینه‌ تورکیا له‌ ئه‌گه‌ری دژایه‌تیی عێراق به‌ره‌وڕووی کێشه‌گه‌لی یاساییی هاورده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان ببێته‌وه‌. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ له‌ئارادایه‌ هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ هێڵی بۆریی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان بۆ تورکیا، هێڵی بۆڕی کۆنی که‌رکووک بۆ تورکیا چاک بکرێته‌وه‌ و تورکیاش بیهه‌وێت نه‌وتی که‌رکووک له‌و ڕێگایه‌وه‌ بکڕێت. ده‌بێ تورکیا له‌ دووربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا خۆ ببوێرێت بۆ ئه‌وه‌ی سوودێکی زۆر له‌ کۆنتڕۆڵی زیاتری ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی عێراق له‌سه‌ر که‌رکووک و ته‌نانه‌ت نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان وه‌ده‌ست بێنێت. تورکیا ده‌یهه‌وێت بۆ نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی مووسڵ یارمه‌تیی ده‌وڵه‌تی عێراق بدات به‌ڵام عێراق له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ سه‌قامگیر نییه‌ و ئه‌و وڵاته‌ له‌باره‌ی هه‌ندێک بابه‌ت وه‌ک ئێران و سووریا ڕاجیاوازیی له‌گه‌ڵ تورکیا هه‌یه‌.

کوردپرێس: ئێوه‌ کارناسی سیاسه‌ته‌کانی ئه‌مریکا له‌باره‌ی هه‌رێمی کوردستانن، ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا ده‌یهه‌وێت گه‌وره‌ترین کونسووڵخانه‌ی خۆی له‌ هه‌ولێر بکاته‌وه‌ و چالاکییێکی به‌رفراوانی سیاسی، ئابووری و سه‌ربازی له‌ هه‌رێمی کوردستان ئه‌نجام ده‌دات. بۆچوونی درێژخایه‌نی ئه‌مریکا نیسبه‌ت به‌ هه‌رێمی کوردستان چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟

دوکتۆر بیل پارک: بێگومان پێنتاگۆن و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا مکووڕن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که بۆ ماوه‌یێکی درێژخایه‌ن له‌‌ هه‌رێمی کوردستان بمێننه‌وه‌. ئه‌گه‌رچی مانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ هه‌رێم به‌و مانایه‌ نییه‌ که‌ ئه‌مریکا پشتیوانی له‌ سه‌ربه‌خۆییی ئه‌و ناوچه‌یه‌ بکات و ئێمه‌ ئه‌و بابه‌ته‌مان له‌ ساڵی 2017دا {له‌ کاتی به‌ڕێوه‌بردنی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی و پاشهاته‌کانی دوای ئه‌و بابه‌ته‌} بینی. به‌ڵام تره‌مپ کێشه‌ی سه‌ره‌کییه‌. سه‌رۆک کۆماری ئێستای ئه‌مریکا به‌ بێ ڕاوێژ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تخانه‌ی وڵاته‌که‌ی بڕیار ده‌رده‌کات و مومکینه‌ هه‌بوونی ئه‌مریکا و به‌ڵێنه‌کانی له‌ هه‌رێمی کوردستان به‌ره‌وڕووی ڕیسک بکاته‌وه‌. ئێمه‌ بابه‌تێکی وامان له‌ سووریا بینی. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ هه‌رێمی کوردستان له‌سه‌ر داوای ئه‌مریکا له‌ به‌رانبه‌ر ئێران ناوه‌ستێته‌وه‌ و ئه‌م بابه‌ته‌ش مومکینه‌ ته‌نگه‌ژه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌ولێر- واشنتۆن دروست بکات.

وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: به‌شی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 64431

Your Comment

You are replying to: .
captcha