بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رۆژی دووشەممە 18ـی تەممووزی 2022 لە شەشەمین دادگەیی سزا قورسەکانی ئیزمیر چوارەمین دانیشتنی دادگە لەسەر ئەو دۆسیەیە دەستپێدەکات.
تورکان ئاسڵان ئاغاچ، پارێزەری خێزانی دەنیز پۆیراز رایگەیاند، سەرجەم داواکارییەکانیان لەلایەن دەستەی دادوەریی دادگە رەتکراوەتەوە و دەسەڵاتی دادوەری هەوڵی نەداوە هیچ هەنگاوێک بنێت بە ئاراستەی ئاشکراکردنی راستییەکان.
تورکان ئاسڵان ئاغاچ ئاماژەی بەوە دا، تاوەکوو ئێستا هیچ پەرەسەندنێک رووینەداوە سەبارەت بەو داواکارییانەی تۆمارکراون بۆ ئاشکرا کردنی ئەو کەسانەی یارمەتی ئۆنور گەنجەر، بکوژی دەنیز پۆیرازیان داوە.
هەدەپە دەڵێت، کوشتنی دەنیز پۆیراز، تاوانێكی کەسی نییە، بەڵکوو لەلایەن "چەتە تاریکەکانی نێو دەوڵەتی تورکیا" پلانی بۆ داڕێژراوە، هاوشێوەی هێرشەکانی دیکەی کە کراونەتە سەر پارتەکەیان.
ئۆنور گەنجەری تەمەن 27 ساڵ رۆژی 17ـی حوزەیرانی 2021 کاژێر 11:05 خولەک لە شارۆچکەی کۆناک چووە نێو بارەگای هەدەپە و تەقەی لە دەنیز پۆیراز کرد، کە دایکی لە بارەگای هەدەپەی ئیزمیر خزمەتگوزار بوو و رۆژی هێرشەکە لە شوێنی دایکی چوو بووە سەر کار.
ئۆنور گەنجەر، دوای رووداوەکە لەلایەن تیمەکانی پۆلیسەوە دەستبەسەرکرا، لە لێکۆڵینەوەی پۆلیسدا گوتی، ئامانجی ئەوە بووە چەند کەسێک بکوژێت و ئەگەر کەسی دیکە لە ژوورەوە بووایە تەقەی لە ئەوانیش دەکرد.
ئەو رووداوە کاردانەوەی پارتە سیاسییەکانی تورکیای لێکەوتەوە. میتحەت سانجار، هاوسەرۆکی هەدەپە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەرە، حکومەت و سەرۆککۆماری تورکیای تۆمەتبار کرد.
هاوسەرۆکی هەدەپە گوتی، "بڕیاربوو بە بەشداری 40 کەس کۆبوونەوەیەک لەو بارەگایەی پارتەکەمان بکرێت، بەڵام لە دوایین ساتەکاندا کۆبوونەوەکە دواخرا؛ ئامانجی بکوژەکە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی بووە."
ئۆنور گەنجەر، بکوژی دەنیز پۆیراز لە سەرەتاکانی 2020 وەک کارمەندی تەندروستی چووەتە منبج لە سووریا و لە مانگی نیسانی 2021 دەستی لەکارکێشاوەتەوە. رۆژێک دوای ئەنجامدانی هێرشەکە لە 18ـی حوزەیراندا خرایە زیندانەوە.
سەرچاوە: تۆڕی میدیایی ڕووداو
Your Comment