بەپێی هەواڵی کوردپرێس، چوارچێوەی هەماهەنگی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئێوارەی رۆژی دووشەممە 04-07-2022 بە ئامادەبوونی هەموو سەرکردە و سەرۆک فراکسیۆنەکانی، چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبوونەوەی خولیی خۆی کرد.
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کراوە لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سیاسی، دوایین پەرەسەندنەکانی پەیوەست بە رێکارەکانی پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆن و کارکردنی لیژنەکان، کە چوارچێوە بەمدواییانە پێکیهێناوە، تایبەتە بە گفتوگۆکردن لەگەڵ هێزە سیاسییەکان و ئامادەکردنی بەرنامەی حکوومەت، کە وەڵامی خواستەکانی گەلی عێراق بداتەوە و پێوەر و میکانیزمەکانی دیاری کردنی سەرۆکوەزیران و وەزیرەکان دیاری بکات، بە شێوەیەک کە گونجاو بێت لەگەڵ گرنگی و هەستیاریی قۆناخەکە و دانانی وادەی یەکلاکەرەوە.
سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی داوایان لە هێزە کوردییەکان کردووە، هەوڵەکانیان یەکبخەن و کار بکەن بۆ یەکلاکردنەوەی بەربژێری سەرۆککۆمار، بۆ تەواوکردنی بەرکەوتە دەستوورییەکانی دیکە.
Your Comment