بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەلاحەددین دەمیرتاش لە بابەتێکدا نووسیوویەتی: "روونە کە ئاکپارتی هیچ کاتێک لەگەڵ چارەسەرکردنی پرسی کورد نەبووە و باشترین بەڵگەش درێژەدانە بە گۆشەگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و رێگەنەدانە بە دیداری ناوبراو لەگەڵ پارێزەران و کەسوکارەکەی.
سەلاحەددین دەمیرتاش لەبارەی پرۆسەی چارەسەری باس لەوە دەکات: "تاکە شوێن بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، پەرلەمانی تورکیایە، چوونکە نوێنەری راستەقینەی هەموو کۆمەڵگە لەوێیە. هەدەپەش نوێنەرایەتیی چین و توێژێکی زۆر فراوانی کۆمەڵگە دەکات؛ ئاکپارتی هیچ نیازێکی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد نییە و هەر هەنگاوێکیش بنێت بچووکە و بۆ بەدەستهێنانی چەند دەنگێکە لە هەڵبژاردنەکاندا. ئەوە لە کاتێکدایە دەنگدەری کوردی هەدەپە چاوکراوە، ژیر و هۆشیارن و بە هەڵمەتێک و گوتارێک و پرۆژەیەکی ئاکپارتی هەڵناخەڵەتێن".
دەمیرتاش پەیامێک بۆ ئۆپۆزیسیۆن دەنێرێت و دەڵێت: "لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەبێ بزانن کە ئەگەر بەشێوەیەکی ستراتیژی مامەڵە لەگەڵ پرسی کورد نەکەن و هەوڵی چارەسەرکردنی نەدەن، ئەو کات هەوڵ و سیاسەتیان دەچێتە قاڵبی خەڵەتاندن و قۆستنەوەی دەنگی کورد بۆ گەیشتن بە دەسەڵات؛ بۆیە زۆر گرنگە بەر لەوەی ئۆپۆزیسیۆن ببێتە دەسەڵاتدار، کارنامەیەکی روونی هەبێت و رایبگەیێنێت. پێویستە لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن روونی بکەنەوە کە دوای گەیشتنیان بە دەسەڵات چی بۆ کورد دەکەن و نەخشە رێگەیان چییە".
سەرچاوە: تۆڕی میدیایی رووداو
Your Comment