بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە پەراوێزی لووتکەی ناتۆ لە مەدرید، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، نەک تەنیا دەبێت فڕۆکەی ئێف 16 بفرۆشنە تورکیا، بەڵکوو دەبێت ئەو فڕۆکانە نوێگەریشیان تێدا بکەن؛ گوتیشی کە فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی لەو جۆرە "هیچ پەیوەندییەکی بە رازەمەندیی تورکیاوە نییە بۆ ئەندامبوونی فینلاند و سوێد لە هاوپەیمانیی ناتۆ".
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد، بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە، پێویستە کۆنگرێس رەزامەندی دەرببڕێت و ئاماژەی بەوەش کرد، پێیوایە دەتوانێت کۆنگرێس لەسەر ئەوە رازی بکات.
گۆڤاری ئەمریکیی مۆنیتۆری ئەمریکا ئاماژەی بەوە داوە کە فرۆشتنی ئیف 16 بە تورکیا لە کۆنگرێسی نەیاری زۆری هەیە و ڕێگایەکی سەخت هەیە تا گەیشتن بەو ئامانجە.
یەکێک لە بەرپرسانی ئیدارەی بایدن بەم گۆڤارەی وتووە ئەمریکا ئێستاش دژی هێرشی سەربازیی تورکیایە بۆسەر کوردەکانی سووریا.
Your Comment