فەتحۆڵڵا حسێنی ئەندامی نووسینگەی نوێنەرایەتی بەڕێوەبەریی خۆسەری کوردستانی سووریا لە هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیارێکی کوردپرێسدا کە چلۆن هاوکات بوونی ڕەزامەندیی تورکیا بۆ بە ئەندام بوونی سوید و فینلاند لە ناتۆ لەگەڵ هەڕەشەی دووبارەی ئەردۆغان بۆ هێرش کردنە سەر کوردستانی سووریا، هەڵدەسەنگێنن وتی: مەترسیی تورکیا پرسێکە کە نکولی لێناکرێت و ئەو وڵاتە هەموو ڕۆژێک باکووری سووریا بۆردوومان دەکات و ئێمە لە ئامادەباشی تەواوداین.
ناوبراو درێژەی دا تورکیا زۆر بە قورسی تەلڕەفعەت و مەنبج بۆردوومان دەکات و ساڵانێکە کە شەڕی دەست پێکردووە نەک ئەوەی کە ئێستا بیەوێت شەر دەست پێبکات.
فەتحۆڵڵا حسێنی زیاتر وتی: هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ هاوپەیمانی دژبە داعش هاوکاری دەکات نەک لەگەڵ ناتۆ؛ لەم هاوپەیمانیەشدا 72 وڵات بوونیان هەیە و ڕەزامەندیی تورکیا بۆ بە ئەندام بوونی فینلاند و سوید کاریگەریی لەسەر ئەرزی واقیع لە سووریا نابێت.
ئەم سیاسەتوانە کوردە ئاماژەی دا بە پرسی ئەندامێتیی ئەم دوو وڵاتە لە پەیمانی ئەتلانتیکی باکووری (ناتۆ) و شەر خوازیەکانی تورکیا لە باکووری سووریا و وتی: بە ئەندام بوونی سوید و فینلاند لەو پەیمانەدا پرسێکی سیاسییە و زیاتر ڕێگری لە ئامادەبوونی ڕووسیا لە ڕۆهەڵاتی ئەورووپا دەکات تا ئەوەی کە کاریگەری بکاتە سەر ڕووداوەکانی سووریا.
حسێنی وەبیری هێنایەوە: پێویستە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی ڕووبەڕووی پاوانخوازییەکانی ئەردۆغان ببێتەوە و بە توندی وەڵامی بداتەوە و هەروەها هەر کارەساتێکی مرۆیی کە تورکیا دەبێتە هۆکاری دەبێت وەڵامی بداتەوە.
ئەندامی نووسینگەی نوێنەرایەتی بەڕێوەبەریی خۆسەری کوردستانی سووریا لە هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە: بەڕای من تورکیا توانای دەست پێکردنی شەڕێکی بەربڵاوی دیکەی نییە و ئەگەر ئۆپەراسیۆنێک دەست پێبکات زۆر بەرتەسک دەبێت و نە ناوچەکە و نە جیهان ئامادەی ڕوودانی گۆڕانکاریەکی دیکە نین.
Your Comment