سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان و سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ى هاوپه‌يمانان له‌ عێراق و سووريا کۆبوونەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نێچيرڤان بارزانى و بافڵ تاڵەبانی پێشوازییان له‌ جه‌نه‌راڵ جۆن برێنان ‏فه‌رمانده‌ى هێزه‌کانى هاوپه‌يمانان له‌ عێراق و سووريا و شاندێکى باڵاى سه‌ربازيى ياوه‌رى کرد.‏

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له‌ کۆبوونه‌وه‌کەدا کە وه‌زيرى پێشمه‌رگه‌ و سوپاسالارى پێشمه‌رگه‌ و ژماره‌يه‌ک له‌ فه‌رمانده‌ و پله‌دارانى پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌ بوون، پڕۆسه‌ى چاکسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و دوايين هه‌نگاوه‌کانى يه‌کخستنه‌وه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ و گرفته‌کانى به‌رده‌م پرۆسه‌که و پێشنيارێکى ئه‌مريکييه‌کان له‌مباره‌يه‌وه،‌‌ تاوتوێ کران.

نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى کوردستانى بۆ ئه‌مريکا و هاوپه‌يمانان دووپات کرده‌وه‌ بۆ ئه‌و پشتگيرى و هاوکارييه‌ى له‌ کاتى شه‌ڕى دژى داعشدا و ئێستاش پێشکه‌ش به‌ پێشمه‌رگه‌ى ده‌که‌ن و جه‌ختى له‌ پشتگيريى سه‌رۆکايه‌تيى هه‌رێمى کوردستان و حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ پرۆسه‌ى چاکسازيى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و يه‌کخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ کرده‌وه‌.

لاى خۆيه‌وه‌ جه‌نه‌راڵ برێنان دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ ئه‌مريکا له‌ پشتگيرى و يارمه‌تيدانى پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ژێر چه‌ترى وه‌زراه‌تى پێشمه‌رگه‌ و يه‌ک فه‌رمانده‌ييدا کۆبکرێته‌وه‌ و بکرێته‌ هێزێکى نيشتمانيى پیشه‌گه‌ر که‌ به‌ هێز و توانا بێت و بتوانێت ئه‌رکى خۆى جێبه‌جێ بکات.

دوايين پێشهاته‌کانى شه‌ڕى دژى تيرۆر و پێويستيى هاريکاريى نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق و به‌رده‌واميى پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى بۆ عێراق و هه‌رێمى کوردستان، ته‌وه‌رێکى ديکه‌ى کۆبوونه‌وه‌که‌ بوو.

News Code 6295

Your Comment

You are replying to: .
captcha