مەسروور بارزانی: ئەو ترسنۆکانەی لە پشت ئەنجامدانی هێرشەکانن، دەنگی ڕای گشتییان لە عێراقدا لەدەست داوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو ترسنۆکانەی لە پشت ئەنجامدانی هێرشەکانن بۆسەر هەرێمی کوردستان بۆیە پەنا بۆ ئەم تاوانکارییە دەبەن، چونکە دەنگی ڕای گشتییان لە عێراقدا لەدەست داوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە: "وەک هاونیشتمانییانی سەرتاسەری کوردستان، زۆر نیگەرانم لە دوبارەبوونەوەی هێرشە تیرۆریستییەکان بۆ سەر خەڵک و ژێرخانی گشتیی کوردستان لە چەند مانگی ڕابردوودا، ئەو ترسنۆکانەی لە پشت ئەنجامدانی هێرشەکانن بۆیە پەنا بۆ ئەم تاوانکارییە دەبەن، چوونکە دەنگی ڕای گشتییان لە عێراقدا لەدەست داوە، لەجیاتی ئەوەی بیر لە داهاتوو بکەنەوە و کار بۆ گەشەسەندنی ئابووری و پەرەپێدانی پەیوەندی لە گەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان بکەن، گروپە لە یاسادەرچووەکان، گوندەکانمان موشەکباران دەکەن و خەڵکی سڤیل دەکەنە ئامانج".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ "هاوبەشە سیاسییە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و هەروەها دۆستەکانمان لە دەرەوەی وڵات قسەم کردووە، لە پەیوەندییەکەمدا لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، جەختم لەسەر پێویستیی و گرنگیی پێکهێنانی هێزێکی هاوبەشی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق کردەوە بۆ پڕکردنەوەی هەر بۆشایییەک کە لە ناوچە جێناکۆکەکاندا هەبێت کە گرووپە لە یاسا دەرچووەکان بەکاری دەهێنن بۆ تێکدانی سەقامگیریی هەمو عێراق، بۆ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵم ڕونکردەوە کە هێرشەکان، مەترسی لەسەر سەقامگیری و دۆخی وەبەرهێنان لە عێراق بە گشتی دروست دەکەن و داوام لێکردوە ڕێکاری جیدی و کرداری بگرێتەبەر بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ئەو گرووپانە".

مەسروور بارزانی باسی لەوەش کردووە، "وه‌زیرانی کاروباری پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆم ڕاسپاردوە هه‌موو رێکارێکی پێویست بگرنه‌به‌ر بۆ پاراستنی ژێرخانی گشتی و دامه‌زراوه‌کانی نه‌وت و گاز. لە چوارچێوەی پلانەکەدا، رێککەوتوین لەسەر ناردنی هێزی زیاتر بۆ ناوچەکە، لە ڕۆژانی داهاتوشدا ڕێکاری زیاتر دەگرینەبەر".

بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، "شەوی ڕابردوو لەگەڵ برێت مەکگۆرک ڕێکخەری کۆشکی سپی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا قسەم کرد. هاوڕێ ئەمریکییەکانمان و هەمو وەبەرهێنەرێک، دەبێت پابەندی بنوێنن؛ ناتوانین مل بۆ ترس و تۆقاندن بدەین، له‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا، داوا له‌ دۆست و هاوبه‌شه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانمان ده‌که‌م و ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیش پێویستە لە پەیوەندی و هه‌وڵه‌کانیان له‌گه‌ڵ هه‌ولێر و به‌غدا بەردەوام بن بۆ ئەوەی بەیەکەوە، ڕێگە له‌ هێرشی تیرۆریستی زیاتر بگرین".

مەسروور بارزانی هەروەها دەڵێت، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە پێزانینەوە لە ڕۆڵی وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گاز و سەرجەم ژێرخانی گشتی دەڕوانێت و بەرگریشی لێ دەکات، زۆر بە ڕاشکاوی دەڵێین، هێرشکردنە سەر هەر شوێنێک لە کوردستان، هێرشکردنە بۆ سەر هەموو کوردستان و خەڵکی کوردستان بە گشتی".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوەکەیدا نووسیویەتی، "داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەم کە ئیرادەیان بەهێز بێت، ئەمە هێرشێکی ئاشکرایە بۆ سەر ژێرخانی ئێمە و بەشێکە لە هەوڵێکی تێکدەرانە بۆ وەستاندنی ئێمە لە پلانە ستراتیجییەکان و کارنامەی چاکسازیمان، بەڵام دڵنیابن وەک هەمیشە خۆڕاگر دەبین".

News Code 6286

Your Comment

You are replying to: .
captcha