بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەکەدا رایگەیاند، لەگەڵ ئێران لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی یەمەن و ناوچەکە رێکەوتون و دەشڵێت، گفتوگۆیان سەبارەت بە ئالنگارییەکانی ناوچەکە و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان کردوە.
کازمی ئاماژەی بەوەشکرد،" رێکەوتین لەسەر پەرەدان بە هاوکارییە دوولایەنەییەکانی نێوان هەردوو وڵات، هاوکات گفتوگۆمان کرد سەبارەت بە ئالنگارییەکانی ناوچەکە و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانمان لەو نێوەندەدا".
کازمى ئاماژەى بەوەش دا، "پێشتر لە فڕۆكەخانەكانی عێراق ڤیزا هەڵگیرابوو، لە چەند هەفتەی رابردووشدا لەناو سنوورە وشكانییەكاندا ڤیزا هەڵگیرا".
هاوکات هەر لەو کۆنفرانسەدا، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند: سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ تاران خاڵی وەرچەرخانە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان دوو وڵاتدا و وتیشی"پەیوەندییەکانی نێوان تاران و بەغدا قووڵ و لەمێژینەن، لەئێستادا دەمانەوێت پەرەی زیاتری پێبدەین، ئێمە زۆرترین پەیوەندیمان لەگەڵ عێراق هەیە لە کۆی بوارەکاندا و پەرەی زیاتریش بەمە دەدەین".
سەرۆک کۆماری ئێران باسی لەوەش کرد،" لەبارەی پرۆژەی هێڵی ئاسنینی بەسرە - شلامجە گفتوگۆمان کرد، جەختمان لە خێراتر رایکردنی کارەکانی کردەوە، عێراق لەماوەی رابردودا کارئاسانی زۆری بۆ سەردانیکەرانی شوێنە پیرۆزەکان کردوە و رێکەوتوین لەسەر ئاسانکاری زیاتر بۆیان".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد "پێویستە گفتوگۆ لەنێوان دەوڵەتانی ناوچەکە زیاتر بکرێن، بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لەئارادان، ئەم هەنگاوەش ئاسایشی بۆ کیانی سەهیۆنی لە ناوچە ناهێڵێت".
Your Comment