جارێکی دیکە بلاسخارت لەبارەی مەترسییەکانی سەر قەوارەی هەرێم هۆشداری دەدات

بەشی عێراق و هەرێمی کوڕدستان- لەکۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکاندا، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق مەترسییەکانی سەر هەرێم ئاشکرا دەکات و لەوبارەوەی هۆشدارییان پێدەدات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەڵاحەدین بابەکر، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامی کە بەشداری هەردوو کۆبوونەوەکەی نێوان پلاسخارت و نوێنەری لایەنە سیاسیەکانی کردووە بە دەنگی ئەمرریکای ڕاگەیاند: "لە کۆبوونەوەی پلاسخارت بەڕوونی بە لایەنە سیاسیەکانی وت، هەرێمی کوردستان لە بەردەم کۆمەڵێک ئاڵەنگاری و مەترسیدایە، بۆیە پێویستە لەنزیکەوە گفتووگۆ لەگەڵ یەکتری بکەن و ڕاشکاوانە تاوتوێی کێشە و قەیرانەکان بکەن، هەوڵی جدیش بدەن بۆ چارەسەرکردنیان".

لە کۆبوونەوەکەدا، جنین پلاسخارت بە نوێنەری لایەنە سیاسیە کوردیەکانی وتووە، "ساڵێک لەمەوبەر کاتێک باسی زۆنی سەوز و زەردمان کردووە، ئەم وتەیە ناونیشانە بۆ کۆمەڵێک گرفتی گەورە لە هەرێم، دوای ساڵێک هەستمان کرد، شتەکان وەک خۆیانن و هیچ گۆڕانکاریەک ڕوویاننەداوە، بۆیە جارێکی تر داوامان لە هەر سێ لایەنی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن کرد، پێکەوە کۆ ببنەوە و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بدەن، ئەمەش بەپێی وتەی سەڵاحەدین بابەکری بەشداربووی کۆبوونەوەکە".

دەربارەی ئەو مەترسیانەی سەر هەرێم کە پلاسخارت بە لایەنە کوردیەکانی گەیاندووە، سەڵاحەدین بابەکر ئاماژەی بەوەکردووە، "مەترسییەکان هەندێکیان هەرێمایەتین، هەندێکیان مەترسین لە بەغداوە بۆ سەر هەرێم، هەندێکیشیان مەترسی ناوخۆیین".

ڕوونیشی کردووەتەوە، "ناوەڕۆکی مەترسییەکان لای هەموو لایەک ڕوونە، هەرێم کێشەی ناوخۆیی هەیە، لایەنەکانی دەسەڵات کێشەیان هەیە، یەکێتی و پارتی لەسەر نەوت و پۆستی سەرۆک کۆمار و زۆر شت کێشەیان هەیە، قەیرانی ناوخۆیی بەرۆکی هەرێمی گرتووە، قەیرانی ئاو و کارەبا و سووتەمەنی، قەیرانی نائومێدی، قەیرانی نەدانی مووچە لە کاتی خۆیدا لە کاتێکدا نرخی نەوت بەرزبووەتەوە، بوونی کێشەی نێوخۆیی، گرفتی گەورەی نێوان هەرێم و بەغدا، بڕیاری دادگای فیدراڵی دژی نەوت و گازی هەرێم، هەڕەشەی هەرێمایەتی، مووشەک بارانی هەرێم، هەموو ئەوانە مەترسین لەسەر قەوارەی هەرێم، بۆیە پێویستە لایەنەکان کێشە نێوخۆییەکان چارەسەربکەن، تا بەرامبەر ئەو مەترسیانە ڕاوەستن".

سەبارەت بە وەڵامی بافڵ تاڵەبانی و فازڵ میرانی بۆ ئەو مەترسیانەی کە پلاسخارت خستوویەتیەڕوو، سەڵاحەدین بابەکر وتوویەتی، "ئەوانیش وەکوو ئێمە، هەست بە مەترسییەکان دەکەن، مەترسیەکان شاراوە نین، لەگەڵ ئەوەبوون چارەسەر بکرێن و مەترسییەکان دووربخرێنەوە، چوونکە مەترسییەکان سێ لایەنە بوون، مەترسی هەرێمایەتی، ناوخۆیی، مەترسی عێراق بۆ سەر هەرێم، گەر پارتی و یەکێتی کۆک بن، ئاسانتر دەتوانن بەهاوکاری لایەنەکانی تر بەسەر کێشەو مەترسیەکاندا زاڵ بن".

هاوکات لەبارەی کۆبوونەوەی دووەم کە لە ڕۆژی 9 ی ئەم مانگە لە بارەگای سەرۆکایەتی هەرێم بەڕێوەچوو، سەڵاحەدین بابەکر باسی لەوەکردووە، "کۆبوونەوەی دووەم، تایبەت کرابوو بە پرسی هەڵبژاردن، چونکە دەکرێت لەڕێگەی هەڵبژاردن و هەڵبژاردنی پەرلەمان و حکومەتی تازە، کۆمەڵێک لەکێشەکان چارەسەر بن، بە تایبەت لە ڕۆژی 6/11 ی ئەمساڵ پەرلەمانی کوردستان وادەی تەواو دەبێت".

ئاماژەی بەوەش کردووە، "پلاسخارت ڕای وابوو، نابێت هەڵبژاردن دوا بکەوێت، چوونکە شەرعیەتی هەموو دامەزراوەکان پەیوەندیدارە بە هەڵبژاردنەوە، بۆیە دەبێت کۆمیسیۆن کارا بکرێتەوە و هەڵبژاردن بکرێت، بە تایبەت ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەڵگەشە لەسەربوونی دیموکراسیەت".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بۆ چارەسەرکردنی کاتی هەڵبژاردن و هەمواری یاساکە، بڕیاردرا، کۆبوونەوەیەکی تر بە بەشداری بەرپرسی هەڵبژاردنی لایەنەکان لە ماوەی هەفتەی داهاتوو بکرێت، لەوێ گفتووگۆ لەسەر هەموو خاڵە کۆک و ناکۆکەکان بکرێت و وەرەقەیەک ئامادەبکرێت، تا بکرێتە وەرەقەی هاوبەشی لایەنەکان".

جەختیشی کردووەتەوە، "دواتر بڕیاربدرێت لەسەر دیاریکردنی ڕۆژێکی تازە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کەڕەنگە بکەوێتە سەرەتای ساڵی داهاتوو، یاخود ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو".

News Code 6180

Your Comment

You are replying to: .
captcha