بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەزلوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هەسەدە، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە: "دەوڵەتی تورکیا بەردەوام هەڕەشەی هێرشکردنە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکات، هێزەکانی ئێمەش لە ئامادەکاریدان بۆ هەر ئەگەرێک کە رووبدات، ئەوە ڕوونە کە ئەردۆغان دۆخی لە ناوخۆی تورکیادا باش نییە، ئەم دۆخەش گرێدراوی دۆخی ناوخۆیەتی، بۆیە دەیەوێت لەسەر حسابی گەلی کورد پشتیوانی ڕەگەزپەرستەکان بەدەستدەهێنێت".
ناوبراو رونیشی کردوەتەوە: "هەتا ئێستا هەڵوێستی ئەمریکا ئەرینییە، وتویەتی ئێمە ڕێگە نادەین بە هێرشێکی بەو شێوەیە، ئێمە دەزانین لەمبارەیەوە پەیوەندی هەیە لەنێوان بەرپرسانی ئەمریکا و تورکیا ئەمە بەرز دەنرخێنین، بەڵام ئەو هەڵوێستانەی لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە بەس نییە بۆ ڕێگرتن لە هێرشی ئەردۆغان، پێویستە بەردەوام هۆشداری بدرێتە ئەو وڵاتە".
فەرماندەی هەسەدە هاوکات سەبارەت بە هەڵوێستی رووسیا رایگەیاندووە: "تا ئێستا هەڵوێستی ڕووسیاش ئەرینییە لەبەرامبەر ئەو هێرشانە، هەر بۆیە داواشمان کردووە لە کۆبوونەوەی نێوان ڕووسیا و بەرپرسانی تورک ئەم بابەتە بخەنە بەرباس، بەتایبەت لە کاتێکدا کە هەڕەشەکانی ئەردۆغان لەسەر گرێ سپی و منبجە کە ئاسمانی لە ژێر کۆنتڕۆڵی ڕووسیادایە".
کۆبانی جەختی لەوەش کردوەتەوە: "دەوڵەتی تورکیا دەرفەتی لە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا وەرگرتووە، هاوکات ئەوەش چوونە ناوەوەی سوید و فینلاندا بۆ ناتۆ کارتێکی دیکەیە کە دەیەوێت لەبەرامبەردا هێرشی ئەو ناوچانە ئەنجام بدات".
ناوبراو ئاشکراشی کرد،"تا ئێستا هێرشمان نەکردوەتە سەر تورکیا ئەوەی کە باسی دەکەن ناراستە، بە پێچەوانەوە ئەوان هێرش دەکەن و داگیرکاریان ئەنجام داوە".
Your Comment