بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- هەندرێن محەمەد سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ئێمە پێمان باشە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژادنەکان ئەکتیڤ بکرێتەوە یان هەڵبژێردرێتەوە، ئینجا دوایی بابەتی ئەوەی کە یاسا دەگوردرێت یان هەڵبژاردن دەکرێت یاخود نا، چونکە یەکێکە لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان پێویستە وەک تەواوی دامەزراوەکانی تر کار بکات چوونکە کاری کۆمسیۆن جگە لەوەی بۆ هەڵبژاردنەکان ئیش دەکات ماوەیەکیشی پێویستە بۆ ئامادەکاری و بنیاتنانانی کارمەندان و کاروباری ئیداری و دارایی".
سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵا دەڵێت "ئێمە چاوەڕێی پەرلەمانین پێشتریش هەر لە زوو پەرلەمانمان لە تەواوبوونی وادەی کۆمسیۆن ئاگادارکردووەتەوە لە کاتی گەیشتنی مەرسومی سەرۆکی هەرێم بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەو کاتیش نووسراومان بۆ کردن وتمان ئەوە نووسراوێک گەیشتووە پێویستە ئەو کۆمسیۆنە کارا بکرێتەوە بۆ هەڵبژاردن، ئێستاش چاوەڕێی پەرلەمانین هەموو حزبەکان دەلێن ئێمە لەگەڵ ئەوەین هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا بکرێت، بەڵام هەموویشیان دەزانن بەبێ کاراکردنەوەی کۆمسیۆن ئەو هەڵبژاردنە ناکرێت بۆیە لەسەریانە بە زووترین کات کێشەی ئەو کۆمسیۆنە یەکلایی بکرێتەوە".
سەبارەت بە پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران، هەندرێن محەمەد گوتی: "پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران یەکێکە لە کارە سەرەکیەکانی ئیشی کۆمسیۆن ئێمە تۆمارێکمان هەیە ساڵی 2018 هەڵبژاردنمان پێی کرد بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا متمانەیەک هەیە بە تۆماری بایومەتری فیدراڵی دەکرێت، ئێمە ئەو تۆمارە بەکاربهێنین و بە تایبەتیش لە هەڵبژاردنێکی نزیک ( ساڵی ڕابردوو) بەکارهاتووە هەرهەمان ئەو لیستانە بخرێنەوە بنکەکانی دەنگدان .ئێمە دەڵێن چی لە بەرژەوەندی میلەت و کوردستانیانە ئەوە بکرێت وەک کۆمسیۆن".
سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان داوا لە پەرلەمانی کوردستان و هەموو حزبە سیاسیەکان دەکات کە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن بژاردەیەکی ئاسان نییە و دەڵێت "با ئەو کۆمسیۆنە کارا بکرێتەوە یان کۆمسیۆنێکی نوێ هەلبژێرن بەهەرشێوەیەک کە دەیانەوێ بۆ نموونە باسی ئەوە دەکرێت کە دادوەر بێت یان بەهەرشێوەیەکی تر بۆ ئەوەی ئەو کۆمسیۆنە بەلایەنی کەم ئامادەکاری بکات، و دوای ئەوە ئەگەر هەر گۆڕانکاریەک لە یاسا هەبێت بدرێتە ئەو کۆمسیۆنە و هەڵبژاردنەکانی پێ بکرێت. دانیشتن لەگەڵ یەکتر باشترین چارەیە دەبێت ئاخاوتن و لێکتیگەیشتن هەبێت لەو بڕوایەدام چەند دانیشتن و دانوستاندن هەبێت ئەوا زووتر دەگەنە ئەنجام".
ماوەکانی ڕابردوو لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە ڕۆژی 1ی مانگی 10 ی ئەمساڵ بۆ ڕۆژی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، بەڵام تا ئیستا حزب و لایەنە سیاسیەکان ناکۆکن لەسەر شێواز و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان.
Your Comment