بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەحموود محەممەد وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لهبهرامبهر لێدوانی بهرپرسانی یهكێتی و گۆڕان كه باس له "سزادانی سلێمانی" دهكەن لهلایهن پارتییهوه، ڕایگهیاندووه: "لەوانەیە گلەییەکانی ئێمە زۆر زیاتر بن لەوانەی کە ئەوان کردویانە، بەتایبەتی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان؛ یەکێتی بەشێکە لەکابینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەیەکەوە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی ئەو کابینەیەمان پێکهێناوە؛ بەپێی ئەو رێککەوتنانەی لە رووی سیاسی و ئیدارییەوە کراون، دامودەزگاکانی حکوومەت و دامەزراوە شەرعییەکانمان دامەزراندوونەتەوە، بەڵام بۆ بابەتی سزادان، پارتی سلێمانی بەهی خۆی دەزانێت کە یەکێکە لەشارە تێکۆشەرەکانی هەرێمی کوردستانو ئەوە راست نییە."
ناوبراو راشیگهیاندووه: "خۆ هەر یەکێتی نیشتمانی کوردستان پڕۆژەیەکی هەبوو بۆ ئەوەی لامەرکەزی ئیداری و دارایی هەبێت و لەسەر بنەمای داواکەی ئەوان ئەو لامەرکەزییە داراییە دراوەبە پارێزگاکان و لەوێدا چەند روونکردنەوەیەک درا لەو داتایانەی لەبەردەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو لەسەر دابەش کردنی ئەو پارانەی کە دێت. 43٪ی پارەی نەوت کە دەفرۆشرێت دەنێردرێت بۆ سلێمانی و 43٪ ئەو 200 ملیارەی لە بەغداوە دێت دەنێردرێتە سلێمانی و 43٪ی پارەی هاوپەیمانانیش رەوانەی سلێمانی دەکرێت؛ دەمێنێتەوە 18٪ی دابین کردنی مووچە کە دەبێ لە داهاتی ناوخۆی سلێمانی و گومرگەکان دابین بکرێت."
بهوتهی مەحموود محەممەد، کێشەکە تا ئێستا لەسەر ئەو بڕەیە کە لە داهاتی ناوخۆ کۆ دەکرێتەوە؛ تا ئێستا هەندێک وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی نەیانتوانیوە لەوێ مووچەی مانگی سێ وەربگرن لەکاتێکدا دابەشکردنی مووچەی مانگی چوار دەستیپێکردووە. کەواتا مادام باوەڕیان بەوە هەیە کە دەبێ لای خۆیانەوە سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی داهاتی ناوچەکە بکرێت، با رێکیبخەن".
ناوبراو دهشڵێت: "ئەوە ماقوڵە لەکاتی کۆرۆنادا داهاتی دەروازەکان و باج و رسوومات زیاتر بووبێت لە ئێستا؟ دەبێ دیاربێت داهاتی گومرگەکان و مەرزەکان چییە و چەندە و بۆکوێ دەچێت. ئەو گلەییانە هی ئەوەیە هەندێک خەڵک هیچ شارەزاییەکیان نییە باوەڕی پێبکەن؛ باوەڕناکەم خەڵک بڕوا بەو قسە بێبنەمایانە بکات کە ئێمە بمانەوێ شارێکی خۆشەویست کە زۆر رۆڵی هەبووە و پارتی بە شاری خۆی دەزانێت، سزا بدەین. ئەوە بۆ چەواشەکارییە و بۆ ئەوەیە کە هەستی خەڵکی لە دژی پارتی پێ بجووڵێندرێت و زۆر شتی دیکەی لەو بابەتە کراوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە خەڵکی سلێمانی زۆر لەوە شارەزاتر و سیاسیترن کە بەو چەواشەکارییانە بخەڵەتێن."
سهبارهت بهنهبوونی پاره له بانكهكانی سلێمانی و دواكهوتنی مووچهی فهرمانبهران، وتەبێژی پارتی دهڵێت: "ئەو دامودەزگایانەی سەرپەرشتی سلێمانی دەکەن بەرپرسیارن. ئەگەر داهاتەکە دێت و دیارنامێنیت، وەک ئەوەی لە رۆژنامەکان بڵاوکرایەوە، ئەی ئەو پارەیە چی لێ بەسەردێت و ئەگەریش کۆناکرێتەوە، هۆکارەکەی چییە؟ ئەگەر داهات کەمیکردووە، لەسەر چ بنەمایەک کەمبووەتەوە، دەبێ خەڵک ئەمە بزانێت. بەڵام کە رێککەوتووین لەسەر ئەو بنەمایەی لامەرکەزییەکی ئیداری و دارایی هەبێت و لەسەر داوای ئەوان ئەوەکراوە، خۆ دەبێ بەرپرسیارێتییەکەش هەڵبگرن و دەبێ ئەو بودجەیە دابین بکەن. بۆیە ئەو چەواشەکارییانەی بۆ بەلاڕێدابردنی خەڵک دەکرێن، تەنیا بەکارهێنانی هەندێک دەستەواژەن بۆ ناشیرین کردنی لایەنێکی سیاسی و ئەوەش کارێکی گونجاو نییە".
Your Comment