ئەگەر یەکێتی ڕێگری لە هەناردەی گاز بکات، پارتی دیموکرات داهاتی نەوت ڕادەستی سلێمانی و هەڵەبجە ناکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ئەگەر یەکێتی ڕێگە بەوە نەدات پڕۆژەی تۆڕی بۆری غاز جێبەجێ بکرێت، ئەوکات ئەوانیش ئامادە نین داهاتی نەوت بۆ "زۆنی سەوز" بۆ دابەش کردنی مووچە بنێرن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەسام عەلی، بەرپرسی لقی 12ی پارتی لە هەڵەبجە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند: "ئەگەر هەر هێزێک ڕێگری بکات لەوەی حکوومەت بۆری غاز لە کۆرمۆرەوە بۆ ناوچەکانی دیکە ڕابکێشرێت و تۆڕی بۆری غاز دروست بکرێت بۆ ڕاکێشانی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبای هەولێر، دهۆک، ئەوە پەیامێکی ڕاشکاوانەیە بۆ ئێمە کە ئیتر ئێمەش بیرێک لە خۆمان بکەینەوە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمەش بیردەکەینەوە کە ئامادەنین لە 90%ی نەوتی زۆنی خۆمان داهاتەکەی بدەینە ئەوان و مووچەی پێ دابەش بکرێت".

بەسام عەلی ئەوەشی خستەڕوو، "پێویستە خەڵکی کوردستان بە پارتی و یەکێتی بڵێن، ئەو نەوتەی لە سنووری زاخۆ و هەولێرە هی هەموو خەڵکی کوردستانە و غازی زۆنی یەکێتیش بەهەمانشێوە".

News Code 5902

Your Comment

You are replying to: .
captcha