وردەکاریی ڕێککەوتنی یەکێتی و پارتی لەسەر جێبەجێ کردنی دووئیدارەیی لە هەرێمی کوردستان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، بۆ بەڕێوەبردنی هەرێم، ڕێککەوتنێکی مەترسیداریی دوو ئیدارەیی لەنێوان پارتی و یەکێتی جێبەجێ دەکرێت و ئەم دۆخەش گەمارۆی خستۆتە سەر سلێمانی.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ڕێککەوتنێكى دوو ئیدارەیی بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان ئاشكرا ده‌كات ‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت: "بەردەوامیدان بەم ڕێککەوتنە کە ئێستا لەبواری جێبەجێ کردندایە و ئیدارەی سلێمانیش لەدوولاوە خراوەتە ژێر گەمارۆوە.

عه‌لى حه‌مه‌ساڵح ئاشكرای كردووه‌، "لەماوەیەکی کورتدا و لەئەنجامی ئەم ڕێککەوتنە سلێمانی تووشی داڕووخانی گەورە دەبێت".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ به‌مشێوه‌یه‌ى ڕوونكردنه‌وه‌ى زیاترى له‌وباره‌یه‌وه‌ خستۆته‌ڕوو:

بەشی یەک: مووچە

- ئەو پارەی نەوت کە دەگەڕێتەوە، 43٪ بۆ مووچەخۆرانی ئیدارەی سلێمانیە و 57٪ بۆ ئیدارەی هەولێر و دهۆکە.

بۆ نموونە: مانگی 2ی ئەمساڵ، داهاتی نەوت بۆ خەزێنەی گشتی بڕەکەی 488 ملیۆن دۆلار بووە، بڕی209 ملیۆن دۆلار بۆ ئیدارەی سلێمانی‌و ئەوی دیکە بۆ هەولێرو دهۆک.

- ئەگەر پارەی نەوت بەشی مووچەی نەکرد، هەر سنورەو تەواوکردنی مووچە لەداهاتی خۆی بدات، بۆ نمونە مانگی 2ی ئەمساڵ، ئیدارەی سلێمانی دەبێت 48 ملیۆن دۆلار بدات، هەولێریش 64 ملیۆن دۆلار.

- سلێمانی نەیتوانی لەکاتی خۆیدا 48 ملیۆن دۆلارەکە دابین بکات، ئەمەش وایکرد مووچەی بەشێک لەمووچەخۆرانی سنوری ئیدارەی سلێمانی دوابکەوێت.

بەشی دوەم: پڕۆژەکان

- سەرۆکی حکوومەت، دەبێت بڕیار لەهەموو پڕۆژەکانی ئیدارەی سلێمانیش بدات وەک هەولێر و دهۆک، بەڵام پڕۆژەکانی سلێمانی بەداهاتی سلێمانی خۆی جێبەجێ بکرێت، بەرپرسانی سلێمانیش، دەڵێن: "داهات نییە، ئێستا هەرچی پڕۆژەی سنووری سلێمانیە وەستاوە".

- سەرۆکی حکوومەت ‌و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران، ئێستا قسە لەسەر قاچاخی ‌و گەندەڵی‌و دۆسیەی زەوی سنووری سلێمانی‌و بێ پڕۆژەیی ناکەن، چوونکە زیانەکە تەنها لەسەر خەڵکی سلێمانییە، نەک کۆی هەرێمی کوردستان.

- بەرپرسانی سلێمانیش لەحکومەت قسە لەسەر داهاتی نەوت‌و فیشخابورو ئیبراهیم خەلیل‌و باج‌و زەوی‌و هیچ شتێکی سنوری هەولێرو دهۆک ناکەن.. ئەمیش پەیوەندیدارە بەخۆیانەوە، تەنانەت: حکومەت ڕۆژانە نزیکەی ملیۆنێک لیتر بەنزینی هەیە.. پشکی سلێمانی 400 هەزار لیترەو هەموو دەدرێتە کۆمپانیای سەن ئۆیڵ‌و بەرپرسانی یەکێتی‌و گۆڕان لەحکومەت دێڕێک ناڵێن!

سێیەم: دەرمان‌ و نەسریە و خەرجی فەرمانگەکان

هەر سنوورە و دەبێت خەرجی هێزی ئەمنی ‌و سەربازیی‌ و نەسریەی سەرجەم فەرمانگەکان‌ و خواردنی نەخۆشخانە و زیندانەکان ‌و دەرمان ‌و پێداویستی تەندروستی ‌و کۆکردنەوەی خاشاک لە داهاتی خۆی دابین بکات، ئەگەر ئیدارەی سلێمانی ناتوانێت لە داهاتی خۆی دابینی بکات باهیچ کام لەمانە نەکات، تەنانەت بۆ کڕینی چەک ‌و فیشەکییش هەر دەبێت لەداهاتی ئیدارەی سلێمانی خۆی بێت.

ئێستاش سلێمانی دەڵێت: داهاتی پێویست نییە بۆ ئەمانە، بۆیە لەئێستادا لەبەر نەبوونی دەرمان نزیکەی 100 توشبوی شێرپەنجە لەنەخۆشخانەی هیوا لەمەترسی مردندان.

کێ بەرپرسە؟

یەک: ئەوەی ڕاستەوخۆ دەسەڵاتی بەسەر خاڵی سنوری‌و ئیدارەدانی سنوری سلێمانی هەیە هەریەک لەبافڵ تاڵەبانی‌و قوباد تاڵەبانییە.. پاشان ئەگەر دەشڵێن: داهاتی ئەم سنورە خۆی کەمترە! ئەی چۆن لەحکومەتی هەرێم بەم فۆڕمەی دوو ئیدارەی ڕازین.

دوو: سەرۆکی حکومەت لەڕوی یاسایی‌و حوکمڕانیەوە بەرپرسی یەکەمە، لەکوێی یاساو کارنامەی حکومەت هاتوە بڵێت: خەزێنەی گشتی نەبێت.. لەچەک‌و تەقەمەنیەوە هەتا کۆکردنەوەی خاشاک‌و دەرمان هەر سنورەو لەداهاتی خۆی بیکات؟

بەڵێ: لەباشماخ قاچاخ هەیە، بەڵام لەواقعدا داهاتی خاڵەسنوریەکانی هەولێرو دهۆک کە لەگەڵ سێ وڵاتدایە، زیاترە لەسلێمانی.

ژمارەی کۆمپانیاکانیش لەهەولێرو دهۆک، سێ هێندەی سلێمانین، بەهۆی نەمانی متمانەش خەڵک لەسلێمانی ئامادەنییە بەتەواوی پەیوەست بێت بەپێدانی ڕسوماتی ئاوو کارەباوە.

ئەنجام:

یەک: ئێستا ئیدارەی سلێمانی، دەڵێ: هەمو هەوڵ بۆ دابینکردنی مووچەو بەشێک لەنەسریەی فەرمانگەکانە، بۆیە هەرچی پڕۆژەیە خزمەتگوزاری وەک ئاوو ڕێگاوبان‌و نەخۆشانە…. هتد، وەستاوە.. لەئایندەیەکی نزیکدا نەبوونی خزمەتگوزاریی‌و گرفتی دەرمان…. دەبنە گەورەترین قەیران بۆ خەڵکی‌و تەنانەت چاڵی شەقامەکانیش پڕناکرێتەوە.

دوو: لەئێستادا ئیدارەی سلێمانی مانگانە 48 ملیۆن دۆلار بۆ مووچەی سنوری خۆی دابیندەکات، لەئەگەری دابەزینی نرخی نەوت، دەبێت سلێمانی لەداهاتی ناوخۆ پارەی زیاتر بۆ مووچە دابین بکات، ئەگەر بەم فۆڕمەی ئێستا بەردەوامبن، گرفتی گەورە بۆ بەشێک لەمووچەخۆرانی سلێمانی دروستدەبێت.

سێ: ئەم دوو ئیدارەیە ڕانەگەیاندراوە زیانێکی گەورەی لەکۆی هەرێمی کوردستان گەیاندوە، دەرگای گەورەشی بۆ گەندەڵی‌و قاچاخی کردوەتەوەو بەرپرسی ڕاستەقینە لەدۆخەکە وندەکات، بەیەکتر تاوانبارکردن لەلایەن پارتی‌و یەکێتیەوە خەڵک دەکرێتە قوربانی.

چوار: جگە لەنەبوونی پڕۆژە بەشێکی زۆری نەخۆشخانە حکومیەکانی سلێمانی مەترسی ڕاوەستانی هەیە.. نەخۆشخانەکان بەرەو ئەوە دەچن دەرمانیان تێدا نەمێنێت.

تێبینی:

بەپێی ئەو داهاتەی هەردوو ئیدارەی هەولێرو دهۆکو سلێمانی بۆ تەمویلی مووچە دەیدەن، لەئێستادا لەسەرتاسەری کوردستان داهاتی ناوخۆ بەشێوەیەکی بەرچاو که‌مکراوەتەوە.

مانگی 2ی پارساڵ 374 ملیار دینار لەداهاتی ناوخۆ تەنها بۆ مووچە تەرخاندەکرا، جگەلەوەش لەداهاتی ناوخۆ بۆ پڕۆژەو خەرجی فەرمانگەکان تەرخاندەکرا، کەچی ناتواندرێت بۆ کۆی کوردستان ئێستا 164 ملیار دینار لەکاتی خۆیدا بۆ مووچە دابین بکرێت!

سەرەتای پارساڵ، مانگانە هەولێرو دهۆک 213 ملیار دینارو سلێمانی 161 ملیار دینار تەرخاندەکرد بۆ تەمویلی مووچە، بەڵام ئێستا مانگانە هەولێر و دهۆک 93 ملیارو 480 ملیۆن دینار سلێمانی 70 ملیارو 520 ملیۆن دینار؛ کەچی هێشتا ئیدارەی سلێمانی ناتوانێت ئەم بڕە لەکاتی خۆی دابین بکات..

چارەسەر:

پێویستە داهات بەدروستی لەسەرتاسەری کوردستان کۆ بکرێتەوە، پاشان بەدادپەروەری بەسەر شارەکاندا جێبەجێ بکرێت ‌و پڕۆژە یاسای بودجە بێتە پەرلەمان ‌و ئەم دادپەروەریەی تێدا بچەسپێت.

News Code 5804

Your Comment

You are replying to: .
captcha