بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوومینیک برۆناچیۆنی، شارەزای پرسی تورکیا و کوردەکان لە وتارێکی تێروتەسەلدا لێکەوتەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیای لە شاری کوردنشینی عەفرین تاوتوێ کردووە. ناوبراو ئاماژەشی داوە کە پاش تێپەڕینی چوار ساڵ بەسەر داگیر کردنی ئەم شارەدا ڕواڵەتە کوردییەکەی لەناو چووە.
ئەم شرۆڤەکارەی پرسی کورد لە وتارێکدا کە لە ماڵپەڕی ڕێکخراوی کوردیی واشنتۆن بڵاو بووەتەوە بڕوای وایە ئەگەر ئێستا ئاوارە کوردەکانی عەفرین بۆ زێدەکەی خۆیان بگەڕنەوە نایناسنەوە چوونکە گۆڕانکاری زۆر لەم شارەدا پاش داگیر کردنی لەلایەن تورکیاوە ڕوویداوە.
برۆناچیۆنی، دەڵێت ئاوارەکان لە ناوچەکانی دیکەی سووریاوە لەم شارەدا نیشتەجێ کراون و بۆ هەر کەس کە تورکیا بیەوێت شارێکی ئارامە جگە لە کوردەکان.
ناوبراو دەڵێت بە ئاوڕدانەوە لەوەی کە ئێستا زیاتر تەرکیز لەسەر ناوچەکانی دیکەی کوردستانی سووریا کراوە ئاوڕی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لەسەر عەفرین کەم بووەتەوە و ئەمەش لە زیانی کوردەکانە.
ئەم شرۆڤەکارەی پرسی کورد ڕێز لە هەوڵە تاکەکەسییەکانی کوردەکان بۆ پاراستنی شۆناسی شارەکەیان دەگرێت بەڵام دەڵێت ئەمە بەس نییە و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەبێت ئاوڕ لە دۆخی ئەم شارە بداتەوە.
Your Comment