بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حسێن حەمە ساڵح نوێنەری دەزگای لوتکە لە وڵاتی یۆنان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، دوای زیاتر لە سێ مانگ و نیوو بەسەر رووداوی ژێر ئاوکەوتنی یەختێکی کۆچبەران لە رێکەوتی ٢١ی ١٢ی ٢٠٢١ نزیک دوورگەی سانتۆرینی یۆنانی تەرمی پێج کۆچبەری کورد بە چەند قۆناغێکی جیا جیا لەلایەن پۆلیسی کەناراوەکانی یۆنان دۆزرانەوە.
ئاماژەی بەوەش داوە، "لە ساتی رووداوەکەوە دەزگای لوتکە هەوڵەکانی چڕکردەوە بەمەبەستی کۆکردنەوەی زانیاری لە سەر سەرجەم ئەو کۆچبەرانەی لەو رووداوە بێسەروشوێن بوون. سەردانی رزگاربووانی ئەو رووداوەمان کرد لە ئەسینا".
هەربەگوێرەی راگەیەنراوەکە، دوای کۆکردنەوەی زانیاری ورد لەسەر بێسەرشوێن بووان و ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی بۆ کەسوکاریان و رادەست کردنی بە لایەنە پەیوەندیدارەکان، تا ئێستا تەرمی پێچ کەسیان دۆزراوەتەوە و بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو تەرمەکان بگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەیدا، نوێنەری دەزگای لوتکە لە یۆنان دەشڵێت، تا ئێستا مەلەفی سەرجەم بێسەروشوێنبووانی ئەو رووداوە و سەرجەم رووداوەکانی ساڵانی رابردوو بە کراوەیی ماونەتەوە و بەردەوامن لە بەدواداچوون بەمەبەستی هاوکاری و کار ئاسانی بۆ کەسوکاریان.
Your Comment