بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە دانپێدانانێكی ڤیدیۆییدا، نایف كوردستانی باسی هۆكاری تویتەكەی و پەیوەندی بە پارتییەوە دەكات و رای دەگەیەنێت "ئەم تویتەی بڵاوم كردەوە كاردانەوەی من بوو بەرانبەر پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەر سێ هۆكار، هۆكاری یەكەم دۆڕاندم لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی عێراق كە كاندید بووم، هۆكاری دووەمیش دوورخستنەوەم بوو لە كارەكەم لە زانكۆی مووسڵ بەتۆمەتی بڵاوكردنەوەی بیری رەگەزپەرستی، هۆكاری سێیەمیش پشتگوێخستنم بوو لەلایەن چەند بەرپرسێكی پارتییەوە".
هەروەها دەڵێ توویتەكەم لە دژی بەڕێز سیستانی، راستەوخۆ دەرەنجامی گوشاری چەند كەسایەتییەكی یەكێتی و حەشدی شەعبی بووە، لەوانەش ئەبوو ئەدهەم كە لە بەغدا ئەفسەرە، هەروەها شێخ محەمەد تەمیمی و ئیبن ئەلحەشد ئەلمقاویم لە حەشدی وەلائی، بەهەمان شێوە لە دەرەنجامی گوشاری چەند كەسێكی یەكێتییش بوو، لەوانە لەیلا ڕێكانی ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە لیستی یەكێتی و چەند كادیرێكی تری ئەو حزبە.
كوردستانی هەروەها ئاماژەی بەوە كردووە گرووپێكی یەكێتی و حەشد راستەوخۆ گوشاریان لەسەر كردووە تا ئەو تویتە بڵاو بكاتەوە و ئامانجیشیان ئەوە بووە كە پەیوەندیی پارتی و هێزەكانی عەرەبی شیعە تێكبدەن، بەتایبەتییش تێكدانی هاوپەیمانیی پارتی و رەوتی سەدر و سیادە.
لە كۆتاییشدا دەڵێت: "من داوای لێبووردن لە مەرجەعی بەڕێزی نەجەف دەكەم و زۆر پەشیمانم لەو تویتەی بڵاوم كردەوە".
Your Comment