بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە تویتێکدا ڕایگەیاند: "ئەرکی ئێمە ئەوە نیە دانیشتنەکانی پەرلەمان بەجێبهێڵین، ئێمە دژی پەکخستنی پەرلەمانین کە تاکە دامەزراوەیە ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت لەڕێگەیەوە کاری خۆی بکات".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە، "زۆر بە سادەیی، ئێمە لەگەڵ پارتی و یەکێتی کار ناکەین چاوەڕێی ئەوان بین تاوەکوو رێکدەکەون و دواتر بڕیاربدەین بچینە پاڵیان، بەڵکوو ھەڵوێست و ئیرادەی خۆمان ھەیە".
هاوکات ڕێبوار ئەوڕەحمان، وتەبێژی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕەتیکردەوە لەگەڵ پارتی ڕێککەوتبن و وتی: "دەنگدەرانمان دڵنیا دەکەینەوە کە بەهیچ شێوەیەک نە لەگەڵ پارتی و نە لەگەڵ یەکێتی ڕێککەوتنمان نییە و ئەو دوو حزبە هیچ جیاوازییەکیان نییە".
Your Comment