بەپێی هەواڵی کوردپرێس، موسەنا ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عیراق بە "ناس کورد"ی وتووە "هیچ بەرچاو ڕوونییەک بۆ ڕێککەوتی دوو لایەنی ڕکابەر بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار نییە (پارتی و یەکێتی) و ئەگەرچی دەرفەتی پێویست بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە چارەسەرێک".
ناوبراو وتیشی، "کاری ڕاست ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پەرلەمان و بەرپێشچوونی پرۆسەکەیە، هیواداریشین لە دوو ڕۆژی داهاتوو و پێش وادەی کۆبوونەوەکە کێشەکان چارەسەر بکرێن".
سەبارەت بە هەڵوێستی یەکگرتوو لەبارەی دانیشتنەکەی ڕۆژی شەممە، ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەکرد، "ئەگەرەکان لە بەردەممان کراوەن، بەڵام ئێمە جەخت لە بەشداریکردن لە دانیشتنەکە دەکەینەوە، وەک وەڵامێک بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی دەستوریی خۆمان".
Your Comment