بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێش شەڕی داعش لەلایەن کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و وڵاتانی زلهێزەوە ئاوڕی لێنەدراوەتەوە، بەڵام تاوتوێ کردنی ئەم پرسی دەری دەخات کە پرسی کورد پێشتر لە زانستگاکان و شوێنە زانستییەکاندا بەدواداچوونی بۆ کراوە و لە هەندێک لە وڵاتەکاندا وەکوو ڕووسیا بۆ ناسینی کورد دەستەواژەی کوردۆلۆژی بەکار هێندراوە.
خانا عومەر خالی و نودرا مۆساکی، دوو توێژەی بواری کوردەکان لە وتارێکدا کە لە ساڵی 2014 لەلایەن بڵاڤگەی ئاکادێمیکی نەمسا-وە بڵاو بووەتەوە مێژووی کوردناسییان تاوتوێ کردووە. ئەم دوو توێژەرە لە وتارەکەیاندا ئاماژەیان بەمە کردووە کە لە ساڵی 1850ی زاینیدا لە مەحفیلە زانستییەکانی رووسیا دەستەواژەی ڕووسیی Kurdovedenie واتا کوردناسی یان کوردۆلۆژی بەشێوەیێکی بەربڵاو کەڵکی لێوەرگیردراوە و چەندین ساڵ پاش ئەوەش لە سەدەی 20ی زایینی ناوەندی توێژینەوەی کوردی لە سەنتەری ڕۆژهەڵاتناسیی ئەو وڵاتەدا وەکوو ناوەندی سەرەکی توێژینەوەی کوردی گەشەی سەند. بەم حاڵەشەوە ئەم دوو توێژەرە جەخت دەکەنەوە قەد لێکۆڵینەوەیێکی قووڵ لەبارەی پرسی کورد لەو سەنتەرەدا ئەنجام نەدراوە.
ناوەندێکی دیکە کە بەدواداچوون بۆ پرسی کورد دەکات، ناوەندی کوردناسیی زانستگای یاگیلۆنیا لە پۆڵەندایە کە لەم دواییانەدا بۆ تاوتوێ کردنی بابەتی پێوەندییدار بە کوردەکانەوە دامەزراوە. ئاژانسی کوردپرێس بەمەبەستی تاوتوێ کردنی چەند بابەتێک گفتوگۆیێکی لەگەڵ دوکتور رناتا کوپریوسکا کوربۆت، لێکۆڵەری ناوەندی توێژینەوە کوردییەکانی زانستگای یاگیلۆنیا ئەنجام داوە کە کتێبێکیشی لەبارەی کوردەکانەوە لەژێر ناوی «ستراتێژیی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لەبارەی کوردەکانی عێراق» لەچاپ دراوە.
کۆمەڵگای نێونەتەوەیی سەرەڕای ئەمەی کە بێ ئاگا لە مەسەلەی کورد نەبووە بەڵام هەمبەر هەندێک تاوان کە بەسەر کورددا هاتووە بێدەنگیی ڕاگرتووە. لەمبارەوە دەتوانین ئاماژە بە کارەساتی ئەنفال بدەین کە سەدام حسێن بۆ لەناوبردنی کوردەکانی عێراق بەڕێوەی برد و 180000 کوردی عێراقی کۆمەڵکوژ کرد. هەروەها ڕەژیمی سەدام حسێن لە بۆردوومانی کیمیایی هەڵەبجەدا 5000 هاووڵاتیی سڤیلی ئەو شارەی کردە قوربانی. بەم حاڵەوە وڵاتانی ڕۆژئاوا کە خۆیان بە ئاڵاهەڵگری مافی مرۆڤ دەزانن لەمبارەوە بێدەنگییان هەڵبژارد.
دوکتور رناتا کوپریوسکا کوربۆت لەمبارەوە دەڵێت: «وڵاتانی ڕۆژئاوا لە کاتی ئەنفالدا بەهۆکاری جیاوازەوە نەیانویست تەداخول لە مەسەلەی کورددا بکەن» ناوبراو لەبارەی هۆکاری تەداخول نەکردنی وڵاتانی ڕۆژئاوا زیاتر وتی: «وڵاتانی ڕۆژئاوا لە کۆتایی 1980 کە ئەنفال ڕوویدا مەیلی جیدییان نەبوو بۆ تێوەگلان بە مەسەلەی کورد کە تا ڕادەیێکیش تەماوی بوو. جگەلەمەش وڵاتانی ڕۆژئاوا گرێبەستی بازرگانیی و سەربازیی قورسیان لەگەڵ حکووەتەکەی عێراق بستبوو. نەیانویست بە پشتگیری کردن لە کورد هاوسەنگیی ناوچەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێکبدەن.»
ناوبراو لەبارەی گۆڕینی ستراتێژیی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە کاتی سەرهەڵدانی داعش لە ساڵی 2014 و هاوپەیمانیی وڵاتانی زلهێز لەوان ئەورووپییەکان و ئەمریکا لەگەڵ کوردەکان وتی: «داعش وەکوو دوژمنێکی هاوبەش و بێ ڕەحم دەرکەوت و هاوکاری گشتگیری پێویست بوو. لەلایێکەوە وڵاتانی ڕۆژئاوا کوردەکانیان بە باشترین و کاریگەرترین هێز لە قەڵەمدا، بۆیەش پشتگیرییان لێکرد.»
دوکتور رناتا کوپریوسکا کوربۆت جەختی کردەوە مەسەلەی کورد لە مەسەلە هەرە گرینگەکان ناوچەکەیە و بەسراوە بە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە و وڵاتانی ڕۆژئاواش بە لە بەرچاوگرتنی ئەم پێوەندییەوە مامەڵە لەگەڵ کورد دەکەن.
ناوبراو هەروەها جەخت دەکاتەوە لەچاو ڕابردوودا کورد شەرعیەتێکی زیاتری لەلایەن کۆمەڵگای نێونەتەوەییەوە پێدراوە و بەشداریی ئەوان لەشەڕی داعشدا یارمەتییێکی گەورەی بە پێگەی جەماوەریی کورد داوە.
دوکتور رناتا کوپریوسکا کوربۆت زیادی دەکات بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە هەرێمی کوردستان پێگەی سیاسیی کوردەکانی دابەزاند بەڵام ئەو کاریگەرییە نەرێنییە درێژخایەن نابێت.
لێکۆڵەری زانستگای یاگیلۆنیای پۆڵەندا لەبارەی هەوڵی سەرکردە کوردەکانی عێراق بۆ سەربەخۆیی دەڵێت: سەربەخۆیی کوردانی عێراق بەبێ پاڵپشتیی نێونەتەوەیی مومکین نییە و ئێستاش ئەم پاڵپشتییە لەئارادا نییە.
ناوبراو جەخت دەکاتەوە سەرەبەخۆیی کوردەکانی عێراق مومکینە بەڵام هێشتا کاتی نەگەیشتووە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment