کۆمیسیۆنی نه‌وت و وزه‌ی په‌رله‌مانی عێراق له‌باره‌ی مووچه‌ په‌یامێک ئاڕاسته‌ی هه‌رێم ده‌کات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌ندامی کۆمیسیۆنی نه‌وت و وزه‌ی په‌رله‌مانی عێراق له‌باره‌ی مووچه‌ هۆشداری به‌ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌دات و ده‌ڵێت: "ده‌بێت حکوومه‌تی هه‌رێم تا ڕۆژی 31ی 12ی 2019 کێشه‌ی نه‌وت و بودجه‌ له‌گه‌ڵ عێراق چاره‌سه‌ر بکات ئه‌گینا به‌غدا ئاماده‌ نییه‌ له‌ بودجه‌ی ساڵی داهاتوودا به‌ بێ ڕاده‌ست‌کردنی نه‌وت مووچه‌ ڕه‌وانه‌ی هه‌رێم بکات."

کوردپرێس:

غالب محه‌مه‌د ئه‌ندامی لیژنه‌ی نه‌وت و وزه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به ‌SNNی ڕاگه‌یاند: ده‌بێت حکوومه‌تی ھه‌رێم تا ڕۆژی 31ی 12ی 2019 کێشه‌ی نه‌وت و بودجه‌ له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی عێراق چاره‌سه‌ر بکات ئه‌گه‌رنا ئه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئاماده‌یه‌ نییه‌ بۆ بودجه‌ی ساڵی 2020 بڕگه‌ی (ج) جێگیر بکات و به ‌بێ ڕاده‌ست کردنی نه‌وت مووچه‌ ڕه‌وانه‌ی ھه‌رێم بکرێت.

ناوبراو زیادی کرد: په‌رله‌مانتارانی شیعه‌ له ‌ھاوپه‌یمانێتییه‌ جیاوازه‌کانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئاشکرای ده‌که‌ن که‌ ڕاسته‌وخۆ له ‌دوای پێکھێنانی کابینه‌ی نوێی حکوومه‌تی ھه‌رێم، وه‌فدێکی باڵای ھه‌رێم سه‌ردانی به‌غدا ده‌که‌ن بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی نه‌وت و بودجه‌.

غالب محه‌مه‌د وتیشی: "عه‌ره‌به‌ شۆڤینیه‌کانی ناو په‌رله‌مان کاری جددی ده‌که‌ن که‌ له ‌ئه‌مساڵدا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ببڕدرێت به‌ڵام ناتوانن ئه‌و کاره‌ بکه‌ن چوونکه‌ یاسای بودجه‌ی 2019 ڕێگه‌یان پێنادات".

به ‌وته‌ی د. غالب محه‌مه‌د له‌ ئه‌مساڵدا لایه‌نه‌ عه‌ره‌بییه‌کانی ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران چاوپۆشیان له‌ کورد کرد و توانرا بڕگه‌ی (ج) جێگیر بکرێت به‌ڵام بۆ بودجه‌ی 2020 ھیچ کامیان ئاماده ‌نیین به ‌بێ ڕاده‌ستکردنی نه‌وت مووچه‌ ڕه‌وانه‌ی ھه‌رێم بکرێت.

ناوبراو ئه‌وه‌شی ئاشکرا کرد که‌ له ‌ئێستادا سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له‌ژێر فشارێکی زۆر توندی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی عێراقه ‌و ڕه‌خنه‌ی لێده‌گرێت به‌وه‌ی به‌ بێ ڕاده‌ست کردنی نه‌وت، مووچه‌ ڕه‌وانه‌ی ھه‌رێم ده‌کات.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 54304

Your Comment

You are replying to: .
captcha