زه‌رتشت شنگالی فه‌رمانده‌یێکی باڵای هێزه‌کانی پاراستنی شه‌نگال (یه‌به‌شه) له‌باره‌ی دۆخی ئێستای هێزه‌کانیان له شه‌نگال به کوردپرێسی وت: دۆخی هێزه‌کانی پاراستنی شه‌نگال له چاو ڕابردوو باشتره و هێزه‌کانی ئێمه له چاو ڕابردوو ناوچه‌یێکی زۆریان به‌ده‌سته‌وه‌یه. له ئێستادا هێزه‌کانمان له گونده‌کانی "سیبا" و "ته‌ل عوزه‌یر" و گونده سنوورییه‌کان جێگیر بوونه.
ناوبراو وتیشی: هێزه‌کانی ئێمه وه‌ک ڕابردوو ئه‌رکی ڕاهێنان و ڕێکخستنی خه‌ڵکی ئێزدییان وه‌ئه‌ستۆیه. له هه‌ندێک ناوچه‌دا به هاوکاریی سوپا و پۆلیسی عێراق پاسه‌وانی له خه‌ڵک ده‌که‌ین.
زه‌رتشت شنگالی زیادی کرد: له ناوه‌ند و گونده‌کانی ده‌وروبه‌ری شنگال ئێمه هێزی یه‌که‌می ناوچه‌که‌ین و ده‌سه‌ڵاتمان به‌ده‌سته‌وه‌یه. ئێمه نوێنه‌ری خه‌ڵکی ئێزیدین و له ڕووی هزرییه‌وه ڕێکخستنه‌وه‌ی ئه‌وان به ئه‌رکی خۆمان ده‌زانین.
ناوبراو سه‌باره‌ت به دوایین دۆخی کێڵگه سووتاوه‌کانی شنگال ڕوونی کرده‌وه: ژماره‌یێکی زۆری کێڵگه‌ی گه‌نم و جۆی ناوچه‌ی شنگال سووتان. هه‌ڵبه‌ت ته‌نها زه‌وییه کشتوکاڵییه‌کان نه‌سووتا به‌ڵکوو ژماره‌یێک له گوند و گۆڕستانه‌کانیش سووتان.
فه‌رمانده‌که‌ی هێزه‌کانی پاراستنی شنگال جه‌ختی کرده‌وه: له ئاگرکه‌وتنه‌وه‌ی مه‌زراکانی شنگالدا دوو گه‌نجی ئێزیدی گیانیان له‌ده‌ست داوه و ژماره‌یێک له که‌ره‌سته‌ی جووتیاریی وه‌رزێران سووتێندراوه.
زه‌رتشت شنگالی ئاماژه به ڕۆڵی هێزه‌کانیان ده‌کات بۆ یارمه‌تیگه‌یاندن به کوژاندنه‌وه‌ی ئاگره‌که و ده‌شڵێت: داموده‌زگاکانی سه‌ر به کورده‌کانی ئێزیدی له چه‌ندین گرووپدا هه‌وڵه‌کانیان بۆ کوژاندنه‌وه‌ی ئاگر چڕ کرده‌وه و ده‌ورێکی کارایان له کۆنتڕۆڵکردنی ئاگره‌که‌دا گێڕا.
ناوبراو ئاماژه به‌وه ده‌کات که پڕۆسه‌ی لێکۆڵینه‌وه له‌باره‌ی ئاگرکه‌وتنه‌وه‌کان درێژه‌ی هه‌یه و گوتی: هه‌م هێزه‌کانی ئێمه و هه‌م سوپای عێراق لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر بابه‌ته‌که ئه‌نجام ده‌ده‌ن. هێشتا ڕوون نییه که ئه‌م ئاگرکه‌وتنه‌وه له‌لایه‌ن چ که‌س یان گرووپێکه‌وه ئه‌نجام دراوه.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment