کوردانی سووریا نیگەرانی دزە کردنی ئاگرن بۆ ناو کێڵگە نەوتییەکان

بەشی جیهان- ئاگر دەغڵودانی دەوروبەری کێڵگە نەوتییەکانی ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکانی سووریای گتۆتەوە و بەرپرسانی ئەو ناوچەیە داوای یارمەتییان لە هاوپەیمانان کردووە ڕێگری بکەن لە پەرەسەندنی ئاگرەکە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ئاگرێکی گەورە زەوی و زاری ناوچە کوردنشینەکانی لە عێراق و سووریا گرتووەتەوە و بووەتە تەنگەژەیێکی نوێ پاش لەناوچوونی خەلافەتی داعش لەو ناوچانەدا.

ئاگرەکە هەموو ناوچە جێناکۆکەکان لە باکووری کەرکووک تا ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوای سووریا واتا ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکانی گرتۆتەوە. هەرچەند کە تا ئێستا لەسەر هۆکاری ئەم ئاگرکەوتنەوە موناقیشەیە بەڵام سەرەکیترین تۆمەتبار لە عێراق و سووریا هێشتا داعشە.

هەواڵدەریی فەرەنسا لە زاری بەرپرسانی کوردی سووریاوە ڕایدەگەیێنێت ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاگرەکە ڕووبەرێکی زیاتر لە ناوچەکانی ژێر کونترۆڵیان دەگرێتەوە و نیگەرانن لە دزە کردنی ئاگرەکە بۆ ناو کێڵگە نەوتییەکان.

بەرپرسانی کوردی سووریا دەڵێن ئەم ئاگرکەوتنەوە سەرچاوەی سەرەکیی خوراکی باکووری سووریای کردۆتە ئامانج و داوایان لە هاوپەیمانان کردووە یارمەتییان بدەن بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە.

سەلمان بردۆ لەبەرپرسانی ئیدارەی کشتوکاڵی بەڕێوەبەریی خۆسەری کوردی سووریا ڕایگەیاندووە سەدان دۆنم زەوینی گەنم لە شاری تربی سپی گڕی گرتووە و هۆشدار دەدات هێشتا ئاگرەکە کونترۆڵ نەکراوە و بەرەوە کێڵگە نەوتییەکان و وێستگەکانی پۆمپاژ و پاڵاوتنی نەوت پەرەدەسێنێت.

هەروەها ڕۆژنامەی ژاپۆن تایمز لە زاری وەرزێرانی ناوچە کوردنشینەکانی سووریاوە ڕایدەگەیێنێت سەدان دۆنم لە دەغڵودانی پارێزگای حەسەکە گڕی گرتووە، ئەمەش لە حاڵێکدایە کە ئەم ناوچەیە سەرچاوەی سەرەکیی بەرهەم هێنانی گەنم لە سووریا دێتە ئەژمار.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 54238

Your Comment

You are replying to: .
captcha