کوردپرێس:
جاسیندا ئاردێرن له کۆنگره‌یێکی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند: له ماوه‌ی 12 مانگی داهاتوودا نیووزله‌ندا ده‌ست ده‌کات به که‌مکردنه‌وه‌ی ژماره‌ی هێزه‌کانی و ئه‌و پابه‌ندبوونه‌ی که له عێراق هه‌یانبووه کۆتایی پێ ده‌هێنێت.
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: له مانگی ته‌مووزی ساڵی داهاتوودا ژماره‌ی هێزه‌کانیان سه‌ره‌تا که‌م ده‌که‌نه‌وه بۆ 75 سه‌رباز و دواتریش بۆ 45 سه‌رباز و پاشان له حوزه‌یرانی 2020دا ئه‌رکه‌کانیان به ته‌واوی له عێراق کۆتایی دێت.
سه‌رۆک وه‌زیرانی نیووزله‌ندا سه‌باره‌ت به که‌مکردنه‌وه‌ی هێزه‌کانیان له ئه‌فغانستانیش جه‌ختی کرده‌وه: هێزه‌کانیان که له چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانیی ناتۆدا کار ده‌که‌ن تا مانگی کانوونی یه‌که‌می 2020 که‌م ده‌کرێنه‌وه بۆ 11 سه‌رباز که ڕاهێنان به هێزه ئه‌منی و سه‌ربازییه‌کانی ئه‌فغانستان ده‌که‌ن.
ساڵی ڕابردوو سه‌رۆک وه‌زیرانی نیووزله‌ندا به بڕیارێک ماوه‌ی کارکردنی هێزه سه‌ربازییه‌کانی وڵاته‌که‌ی له عێراق تا مانگی ته‌مووزی ئه‌مساڵی درێژ کرده‌وه.
حکوومه‌تی نیووزله‌ندا له به‌یاننامه‌یێکدا بڵاوی کرده‌وه که ژماره‌ی ئه‌و هێزه ئه‌منی و سه‌ربازییانه‌ی عێراق که له ساڵی 2015وه هێزه‌کانی وڵاته‌که‌ی ڕاهێنانی پێ کردوون گه‌یشتوونه‌ته 44 هه‌زار که‌س.
حکوومه‌تی نیووزله‌ندا له ساڵی 2015 و له گه‌رمه‌ی شه‌ڕی دژی داعشدا و له چوارچێوه‌ی هێزی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعش له عێراق و سووریا 95 سه‌رباز و ئه‌فسه‌ری وڵاته‌که‌ی نارده عێراق و هێزه‌کانیان به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هێزه سه‌ربازییه‌کانی ئوسترالیا ڕاهێنانیان به هێزه عێراقییه‌کان کردووه.
ئه‌رکی سه‌ره‌کیی هێزه‌کانی نیووزله‌ندا راهێنان بووه له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی به‌کارهێنانی چه‌ک و پشتیوانیی تیمی پزیشکیی لۆجستی بۆ هێزه ئه‌منییه‌کانی عێراق له‌ناو سه‌ربازگه‌ی تاجی له باکووری به‌غدا.
سه‌رچاوه: ئێن ئاڕتی
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment